چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2026-10-07
پێنجوێن

لە پێنجوێن؛ خولێکی نێودەوڵەتیی هاوسەنگیی جەستەیی و دەروونی بۆ مامۆستایانی وەرزش ساز کرا

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن، خولی نێودەوڵەتیی پەروەردەیی، جەستەیی و دەروونی لەژێر ناونیشانی بەرد و ئاو بۆ مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی سنوورەکە بەڕێوەچوو. خولەکە بە سەرپەرشتیی خاتوو بێریڤان جەمال حەمەسەعید، ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی لە پەیمانگای هۆڵەندیی GADKU پێشکەش کرا. لە کەشێکی پڕ لە وزە، کارلێک و پراکتیکیدا، تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی تواناکانی مامۆستایان و چۆنیەتیی دروستکردنی هاوسەنگییەکی پتەو لە نێوان تەندروستیی جەستەیی و ئارامیی دەرووندا، لە ڕێگەی مێتۆدی نوێی ڕاهێنان و جووڵەی وەرزشییەوە. دەستەی بەڕێوەبردنی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن دەکات بۆ پشتیوانیی بەردەوام و هەماهەنگیی هەمیشەییان لە سەرخستنی تەواوی کار و چالاکییەکانی پڕۆگرامەکەدا. هاوکات، دەستەی بەڕێوەبردن سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی هۆبەی چالاکیی وەرزش و دیدەوانیی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن دەکات، بۆ هەوڵ، ماندووبوون و ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕێکخستن و سەرخستنی ئەم خولە گرنگەدا.
2026-10-06
پێنجوێن

کۆبوونەوەی هاوبەشی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و یەکێتی ژنانی کوردستان بۆ ڕێکخستنی هەڵمەتێکی تەندروستی

ئەمڕۆ، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون (بەشی تەندروستی) بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی و پتەوکردنی کاری هاوبەش، لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان ـ نوێنەرایەتی پێنجوێن کۆبووەوە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری و پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بۆ ژنانی سنوورەکە. ئامانجی ئەم هەڵمەتە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی خانمانە و تەنها لە پشکنیندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو هاندەرێکە بۆ چەسپاندنی کولتووری پشکنینی خودی، گرنگیدان بە تەندروستیی گشتی و سەردانی بەردەوامی پزیشک بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە. لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، پشکنینەکان بە شێوەیەکی بێبەرامبەر ئەنجام دەدرێن، هاوکات ڕێنمایی زانستی و زانیاریی پێویست دەربارەی نیشانەکان و شێوازی خۆپاراستن پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت. هەردوو لایەن بانگەوازی سەرجەم خانمانی ناوچەکە دەکەن کە بەشداری کارا بکەن و ئەم هەنگاوە گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان و خێزانەکانیان بنێن. وردەکاریی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە: ڕۆژ: پێنجشەممە بەروار: ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ (٢٠٢٦/١٠/٨) کاتژمێر: ٩:٠٠ی سەرلەبەیانی شوێن: هۆڵی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن
2026-10-04
پێنجوێن

پێنجوێن سەوزپۆشتر دەکرێت؛ ئامادەکاری بۆ چاندنی ۳۰ هەزار نەمام دەست پێ دەکات

لە چوارچێوەی هەوڵە نیشتمانی و ژینگەیییەکان بۆ پاراستنی سروشت و جوانترکردنی سیمای دەڤەرەکە، لەژێر چەتری پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و بە هاوئاهەنگیی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوەییەکان، هەڵمەتێکی فراوانی پاییزەی نەمامچاندن دەستی پێ کرد. ​ کۆبوونەوەی ستراتیژی بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگا ​لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت و فراواندا بە سەرپەرشتیی بەڕێز قایمقامی قەزای پێنجوێن و بە ئامادەبوونی بەڕێزان بەرێوەبەری ناحیەی گەرمک، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، گرووپی نەمام، ڕێکخراوی ملەکەوە و نوێنەرانی نەمامگەی سەرچنار، نەخشەڕێگای جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە داڕێژرا. ​بڕیارە ۳۰ هەزار نەمام بە چەند قۆناغێک لە ڕۆژانی داهاتوودا هاوردەی قەزاکە بکرێن و لەم شوێنە گشتی و گرنگانەدا بچێنرێن: ​سەنتەری پێنجوێن و هەردوو ناحیەی ناڵپارێز و گەرمک. ​قەراغ شەقامە سەرەکی و گشتییەکان بۆ رازاندنەوەی سیمای ڕێگاوبانەکان. ​پاوان و دارستانەکان بە مەبەستی زیادکردنی پانتایی سەوزایی. ​دابەشکردنی بەشێک لە نەمامەکان بەسەر هاووڵاتیاندا، بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەکی خۆشەویست بەشداربێت لە سەوزکردنی دەوروبەری ماڵ و گەڕەکەکەی. ​ سوپاس و پێزانینی بێپایان بۆ دابینکەرانی نەمام لێرەدا بە پێزانینێکی قوڵەوە سڵاو و دەستخۆشی ئاراستەی سەرچاوە فەرمی و دابینکەرانی ئەم سامانە سەوزە دەکەین: ​سوپاس و پێزانینی بێپایان بۆ (وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو) و (بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی) لە بەرامبەر دابینکردنی ئەم ڕێژە زۆرەی نەمام، هەروەها دەستخۆشییەکی گەورە و تایبەت ئاراستەی (نەمامگەی سەرچنار) و سەرجەم کارمەند و دڵسۆزانی دەکەین کە ئەرکی سەرپەرشتی، خزمەتکردن و گواستنەوەی نەمامەکانیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ئەستۆ گرت. بەشداریکردنی ڕاستەوخۆتان لەم هەڵمەتەدا، دەستپێکێکی بەهێز و مایەی شانازییە بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.
2026-09-17
پێنجوێن

دەستپێکردنی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی

دەستپێکردنی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی؛ سەکۆیەک بۆ ساغکردنەوەی ڕەنجی جوتیاران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نێو سروشتی دڵگیری پێنجوێن و لە پارکی لازۆ، کارەکانی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی بە فەرمی دەستی پێکرد. فیستیڤاڵەکە وەک هەنگاوێکی گرنگ دێت بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی دەڤەرەکە، بە بازاڕکردنی ڕەنجی دەستی جوتیاران و ناساندنی زیاتری بەرهەمە دەوڵەمەندە خۆماڵییەکان. ئەم کەرنەڤاڵە کشتوکاڵییە بە سەرپەرشتی قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێن و بە بەشداریی کارای چەندین دامودەزگای حکومی، ڕێکخراوی ژینگەیی و مەدەنی بەڕێوەدەچێت. پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون وەک هاوبەشێکی سەرەکی ڕۆڵ لە ڕێکخستنی فیستیڤاڵەکەدا دەبینێت، کە بە ئامادەبوونی زانا ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکە، کارەکانی دەستپێکرد. لایەنە بەشدار و هاوبەشەکان: سەرۆکایەتی شارەوانی پێنجوێن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن هۆبەی ڤێتێرنەری پێنجوێن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ڕێکخراوەکانی: ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، جوتیارانی ئەفرێنەر، سەلامەتی خۆراک، و گروپی درەخت چالاکییەکانی فیستیڤاڵ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ (١٧ تا ١٩ـی ئەیلوول) بەردەوام دەبێت، کە تیایدا کۆمپانیای الاطلس الاصيل سپۆنسەری دارایی و دەزگای میدیایی کوردسات سپۆنسەری میدیایی لە ئەستۆ گرتووە. فیستیڤاڵەکە دەرفەتێکی پڕبایەخ دەڕەخسێنێت تا هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕاستەوخۆ لە جوتیارانەوە بەرهەمە سروشتی و ناوخۆیییەکان بەدەستبهێنن.
2026-09-17
پێنجوێن

کۆتاییهاتنی خولی باڵای «هونەری دەربڕین و وتاربێژی کارامە» لە پێنجوێن

بە دروشمی دەنگت هێزی تۆیە؛ مەهێڵە ترس و دڵەڕاوکێ بێدەنگت بکات!، ئەمڕۆ بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خولی باڵای هونەری دەربڕین و وتاربێژی کارامە هات، کە لەلایەن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ڕێکخرابوو. خولەکە بە مەبەستی شکاندنی بەربەستی ترس و دڵەڕاوکێی قسەکردن لەبەردەم جەماوەر، دروستکردنی کاریگەری لە سەکۆکاندا، و بەخشینی متمانەبەخۆبوون بە بەشداربووان بۆ ماوەی ٣ ڕۆژی چڕوپڕ لە هۆڵی پێنجوێن شاری فێربوون لە کتێبخانەی گشتی پێنجوێن بەڕێوەچوو. گرنگترین دەستکەوت و تەوەرەکانی خولەکە: ڕاهێنانی پراکتیکی و ڕاستەوخۆ لەسەر سەکۆ بۆ تێپەڕاندنی لەرزینی دەنگ و شڵەژان. بەدەستهێنانی کارامەییەکانی ڕاکێشانی سەرنجی گوێگر و بەهێزکردنی کەسایەتی لە کۆبوونەوەکاندا. هەڵسەنگاندنی زانستی و ورد بۆ ئاستی بەشداربووان و چۆنیەتی گەیاندنی پەیام بە شێوازێکی کاریگەر و باوەڕپێکەر. لە کۆتایی چالاکییەکەدا، لە پای بەشداریکردن و تەواوکردنی سەرکەوتووانەی خولەکە، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر سەرجەم بەشداربوواندا دابەشکرا. هاوکات سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاراستەی ڕاهێنەری نێودەوڵەتی، دڵسۆز و لێهاتوو مامۆستا محەمەد میرانی کرا بۆ هەوڵ و ماندووبوونی لە پێشکەشکردنی ئەم خولە بەسوودە. بە هیوای دەنگێکی دلێر و ئامادەییەکی هەمیشە بەهێز بۆ سەرجەم بەشداربووان لە سەرجەم سەکۆکانی ژیاندا.
2026-09-17
پێنجوێن

کۆتاییهاتنی خولی پڕۆگرامسازیی پایسۆن و فێربوونی ئامێر (Machine Learning)

بە سەرکەوتوویی و بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئارەزوومەندانی بواری تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، کۆتایی بە خولی پڕۆگرامسازیی پایسۆن و فێربوونی ئامێر (Machine Learning) هات. لەم خولە چڕ و پراکتیکییەدا کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەشداربووان لە ئاستی بەکارهێنەری ئاساییەوە هەنگاویان بەرەو بوون بە دروستکەر و بەرهەمهێنەری تەکنەلۆژیا نا؛ بە کرداری ئاشنای شێوازی کارکردن، بیرکردنەوە و شیکاریکردنی داتاکان بوون لە ڕێگەی مۆدێلە زیرەکەکانەوە. تەوەرە سەرەکییەکانی خولەکە پێکهاتبوون لە: ناسینی ژیریی دەستکرد و میکانیزمی کارکردنی مۆدێلە پێشکەوتووەکان. بنەما سەرەکییەکانی زمانی پایسۆن (Python) وەک کۆڵەکەی تەلارسازیی AI. ڕۆڵی بیرکاری و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر دروستکردنی ئەلگۆریتمەکان. جێبەجێکردنی پرۆژەی پراکتیکی و ڕاهێنانی بەردەوام لەسەر داتا ڕاستەقینەکان. بەرهەمهێنانی مۆدێلێکی تەواوی زیرەک لە لایەن بەشداربووانەوە لە کۆتا ڕۆژدا. لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاراستەی ڕاهێنەری گەنج، دڵسۆز و لێهاتوو مامۆستا ئالان قەرەداخی دەکەین، کە وەک هەمیشە و هاوشێوەی چالاکییە پڕبایەخەکانی پێشووی، بە ئەوپەڕی تواناوە زانیارییە سەردەمییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. دەستخۆشی لە سەرجەم بەشداربووان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە کاروانی داهاتوویاندا لە دنیای پرۆگرامسازی و تەکنەلۆژیادا.#penjwen_learning_city

هاوبەشەکان