چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2026-09-09
پێنجوێن

خولێکی پڕبەرهەمی میوزیک لە چوارچێوەی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" بەپایان گەیشت

پێنجوێن هەنگاوێکی نوێ بەرەو ئاسۆی هونەر و ڕۆشنبیری دەنێت؛ وەک بەشێک لە کار و چالاکییەکانی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون"، ئەمڕۆ بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خولی ڕاهێنانی ئەکادیمی و زانستیی میوزیک بۆ فێرخوازانی سنوورەکە هێنرا. ئەم خولە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئاشقانی هونەر تاکو لەسەر بنەمای ستانداردە جیهانییەکان پەرە بە خولیاکانیان بدەن، کە تێیدا فێرخوازان ئاشنای چەندین تەوەرەی بنەڕەتی کران: ناسینەوەی دەنگەکان: ئاشنابوون بە دنیای تۆن و نۆتەکان بەپێی شێوازی ئەکادیمی. کاتەکانی میوزیک: شارەزابوون لە کاتسازی (تیمپۆ) و ڕێکخستنی پێکهاتەی کات لەکاتی ژەنیندا. فێرکاری مەقامات: تێگەیشتن لە بنەماکانی مەقاماتی کوردی، ڕۆژهەڵاتی و جیهانی. ڕیتمسازی: فێربوونی شێواز و جۆرە جیاوازەکانی ڕیتم لە ژەنیندا. خولەکە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام بوو (ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە، لە کاتژمێر ٩:٠٠ بۆ ١١:٠٠ی سەرلەبەیانی) و پێشوازی لە فێرخوازانی سەروو تەمەنی ١٢ ساڵ کرد، کە لە ڕێکەوتی ١٦-٨-٢٠٢٦ دەستیپێکردبوو. یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی خولەکە تەرخانکردنی بەشێکی تایبەت بوو بۆ خانمان لە فێربوونی ئامێری دەف بەشێوازێکی جیاواز و تایبەت. لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاراستەی دەستەی بەڕێزی ڕاهێنەران دەکەین؛ ماندووبوون و دڵسۆزیی مامۆستایان (م. دیوان سالار - ڕاهێنەری ئامێری پیانۆ، م. هاوکار عمر - ڕاهێنەری ئامێری دەف، و م. تابان عثمان - ڕاهێنەری تایبەتی دەف بۆ خانمان) کلیلی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم خولە و پێگەیاندنی ئەم بەهرەدارە نوێیانە بوو. دەستی ماندووبوونیان دەگوشین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە کاروانی هونەرییاندا.
2026-09-07
پێنجوێن

سیمینارێکی گرنگ لەسەر (شێرپەنجەی مەمک) پێشکەشکرا

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە هۆشیاریی تەندروستیی خانمان و پاراستنی سەلامەتییان، سیمینارێکی تایبەت و گرنگ دەربارەی شێرپەنجەی مەمک بۆ بەشداربوانی خولی فێربوونی دەف ڕێکخرا. سیمینارەکە لە لایەن ڕاهێنەر گوڵان کمال بە شێوازێکی پڕ لە زانیاری و بەسوود پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. تەوەرە سەرەکییەکانی سیمینارەکە: هۆشیاریی سەرەتایی دەربارەی شێرپەنجەی مەمک و هۆکارەکانی تووشبوون. گرنگی و ڕۆڵی پشکنینی پێشوەختە لە دەستنیشانکردنی زووی نەخۆشییەکە و بەرزکردنەوەی ڕێژەی چاکبوونەوە. ڕێنمایییە پراکتیکییەکان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خودی مانگانە لەلایەن خانمان خۆیانەوە. بەرزکردنەوەی ورەی دەروونی و هاندانی خانمان بۆ سەردانیکردنی ناوەندە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی خولیی. بەشداربووان بە گرنگییەوە لە تێڕوانین و ڕێنمایییەکانیان ڕوانی و سیمینارەکە بە گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئامادەبووان کۆتایی هات. تەندروستی و سەلامەتیی خانمان بنچینەی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئارامە.
2026-09-02
سلێمانی

شانازییەکی گەورە بۆ پێنجوێن شاری فێربوون لە پێشانگای "تاڵێنت کرێیتەرز"

ئەمڕۆ (٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦)، لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئیڤێنتی "تاڵێنت کرێیتەرز" بۆ نمایشکردن و بەبازاڕکردنی پرۆژە و داهێنانی خوێندکاران بەڕێوەچوو. ئێمە لە پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بە شانازییەکی گەورەوە بەشدارییمان لەم کۆڕبەندە داهێنەرانەیەدا کرد. لەم پێشانگایەدا، دوو لە خوێندکارە تێکۆشەر و بەهرەمەندەکانمان بە ناوەکانی (ئیرناس سامان) و (هەستیار ڕزگار)، بە کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە و بە سێ پرۆژەی داهێنەرانە بەشداربوون، کە سەرنجی سەرجەم ئامادەبووان و بەڕێوەبەرانی باڵایان ڕاکێشا. خوێندکارە ئازاکانمان سەرکەوتن لەوەی سەرباری نمایشکردنی تواناکانیان، چەندین هەلی ناوازە لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستبهێنن، کە ئەمەش هەنگاوێکی مەزنە بەرەو گەشەپێدانی پڕۆژەکانیان. پێنجوێن شاری فێربوون هەمیشە باوەڕی وابووە کە خوێندکارەکانمان خاوەن بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەن. بەشداریکردن و سەرکەوتنیان لەم جۆرە چالاكییانەدا، باشترین شایەتە بۆ ئەوەی کە ئەوان دەتوانن بەرجەستەی دروشمەکەمان بکەن و بیرۆکەکانیان لە قۆناغی تیۆریەوە بگوازنەوە بۆ کاری پراکتیکی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا.
2026-08-31
هەڵەبجە

خەمی ژینگە ئێمەی گەیاندە هەڵەبجە

​لە هەنگاوێکی نوێدا و لە درێژەی ئەو چالاکییەی کە چەند ساڵێکە بۆ دابینکردنی ئامێری (#گڕکپ) بۆ شوێنە جیاوازەکان بەردەوامە، ئەمجارە ڕێکخراوی ملەکەوەی دڵی ژینگە بە دابینکردنی ٩ ئامێری دیکە، هاوکاریی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە و "تیمی شەهید ئاری بۆ ئاگرکۆژاندنەوە"ی کرد. ​هەروەها ڕێنمایی و چۆنیەتیی بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە ئامێرەکان و شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان پێشکەش بە تیمەکان کرا. ئەم پڕۆژە و چالاکییە بەردەوامی دەبێت و نیازوایە ئەم ئامێرە و ڕێنمایی چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان بگەیەنرێتە زۆرترین ناوچەی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە ئەزمونی چەندین ساڵە لەو بوارەدا. ​ جێی ئاماژەیە: ​٦ دانە لەم ئامێرانە بە پاڵپشتیی دارایی بەڕێز (کاک شێخ طاهیر) دابینکراون. ​ئامێرەکانی تریش لەچوارچێوەی هەڵمەتی دووەمی دابینکردنی ٧٠ ئامێری گڕکپدابوون، کە لەچوارچێوەی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری پێنجوێن شاری فێربوون ​ سوپاس و پێزانین: ئێمە لە "پێنجوێن شاری فێربوون" وەک خاوەندارێتی بەشێک لەم کار و ئامێرانە، بە گەرمی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خەمخۆران، خۆبەخشان، پێشمەرگە و گیانفیداکانی ڕێکخراوی ملەکەوەی دڵی ژینگە دەکەین بۆ ئەم هەنگاوە مەزنە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخواین!
2026-08-25
پێنجوێن

بە بەخشینی نزیکە 70 ئامێری (گڕکپ) هەڵمەتی پاراستنی دارستانەکان بەردەوامە

لە پێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی پێنجوێن، هەڵمەتی پاراستنی دارستانەکان بەردەوامە لە مەراسمێکدا ڕۆژنامەوانیدا،لەڕێکەوتی 25-8-2026 قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی پاراستنی دارستانەکان بەڕێوەچوو بە بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئەندامانی باڵای پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، عەدنان کاکە ڕەش، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک، ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە و نوێنەری گوندەکانی دەوروبەری پێنجوێن. لە میانەی ئەم قۆناغەدا و بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی خێرای ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، ئامێری بلاوەری ئاگرکوژێنەوە (گڕکەپ) بەسەر نوێنەری گوندەکاندا دابەشکرا، تاوەکو لە کاتی هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوەدا بتوانرێت لە زووترین کاتدا ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و لەناوچوونی پووش و پاوانی ناوچەکە بکرێت. پاراستنی دارستانەکان ئەرکی سەرشانی هەموومانە و پێکەوە ژینگەیەکی سەوزتر و پارێزراوتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دەستەبەر دەکەین.
2026-08-13
پێنجوێن

هەنگاوێکی خێرخوازانە بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی لە پێنجوێن

بە ئامادەبوونی بەرێز قایمقامی قەزای پێنجوێن (عەدنان کاکە ڕەش)، ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکان، سەرمایەدارانی نیشتمانیی قەزاکە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەرمک بەڕێز (هێمن ابراهیم) کەمپینێکی نیشتمانی و خێرخوازانە ڕاگەیەندرا بۆ دابینکردنی چەند ئامێرێکی گرنگی تەندروستی (وەک ئامێری مەمۆگرافی و پێداویستییەکانی تر) بۆ نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن. سەرنجی بەڕێزتان بۆ چەند خاڵێکی گرنگ ڕادەکێشین: بێ پارە کۆکردنەوە: ئەم کەمپینە بۆ کۆکردنەوەی پارە نییە، بەڵکو هەر سەرمایەدار و خێرخوازێک کە حەز بکات بەشداری بکات، خۆی ڕاستەوخۆ هەڵدەستێت بە کڕینی ئامێرەکە. لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پێنجوێنەوە، بەرچاوڕوونی و پێویستییەکان دەدرێن بە سەرمایەداران بۆ کڕینی ئامێرەکان، ئەمەش بە هەماهەنگی و لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن. وەک (پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون)، دەستپێشخەریی ئەم پرۆژە خێرخوازانەیەمان کردوە و بە شانازییەوە خۆمان هاوکار و دەستباری پرۆسەکە دەبین بۆ خزمەتکردنی زیاتری شارەکەمان. داواکارین لە هەموو لایەنە دڵسۆز و خێرخوازەکان کە دەتوانن، بەشداری لەم کارە مرۆییەدا بکەن بۆ ئاوڕدانەوە لە باری تەندروستیی نەخۆشەکانمان.
2026-08-12
پێنجوێن

کۆتایی هاتنی خولی منداڵان-ئاستی دووەم

کۆتاییەکی سەرکەوتوو و پڕ لە دەستکەوت؛ کۆتایی هاتنی خولی هاوینەی منداڵان لە پرۆگرامی پێنجوێن - شاری فێربوون بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە کۆتایی بە (خولی هاوینەی منداڵان) هێنا، کە تێیدا چەندین چالاکی و بابەتی جۆراوجۆرمان پێشکەش بە منداڵە خۆشەویستەکان کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانیان و بەسەربردنی کاتێکی سوودبەخش لە هاویندا. کورتەیەک لەو وانە و بابەتانەی کە لە خولەکەدا خوێنران: ڕەوشت و ئاکار: بۆ پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر بنەما بەرزە مرۆییەکان و ڕەفتاری جوان. کوردی: بەهێزکردنی بنەماکانی زمانی دایک. کوردی پەتی و پەندی پێشینان: ئاشناکردنیان بە ڕەسەنناسی زمان و کەلەپووری جوانمان. یاری: ڕەخساندنی ژینگەیەکی خۆش و چالاک بۆ گەشەی جەستەیی و دەروونی. ژینگە و تەندروستی: هۆشیارکردنەوەی منداڵان لەسەر گرنگیی پاراستنی ژینگە و تەندروستیی خۆیان. ئینگلیزی و عەرەبی: فێربوونی بنەڕەتەکانی زمانە بیانییەکان بە شێوازێکی ئاسان و سەرنجڕاکێش. وانەی ئەتەکییەت: فێربوونی ڕەفتاری گونجاو لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا. سوپاس و پێزانین: سوپاسێکی بێپایان بۆ مامۆستایانی دڵسۆز و ماندوونەناس کە بە گیانێکی پڕ لە بەرپرسیارێتی و خۆشەویستییەوە خزمەتیان بە منداڵەکانمان کرد: ١. تابآن عثمان ٢. کیژان غفور ٣. ئاڤان ڕەحیم ٤. مهرەبان عبداللە ٥. سیتا فەرید ٦. مەرزیە یاسین ٧. هێمن مەنوچەر سان ئەحمەد ٨. ژیار فاتیح فائق ٩. ژینۆ ڕەسوڵ ١٠. مینا عباس ١١. سۆزیار عطا ١٢. سۆلین گۆران ١٣. شاجوان حسین ١٤. ساریا هادی ١٥. ژینۆ جمال دەستتان خۆش و هەمیشە سەرکەوتوو بن لە خزمەتکردن بە پەروەردە و نەوەی داهاتوو!

هاوبەشەکان