Activities

Home / Activities

Activity

Penjwen City of Learning

2026-09-17
پێنجوێن

کۆتاییهاتنی خولی باڵای «هونەری دەربڕین و وتاربێژی کارامە» لە پێنجوێن

بە دروشمی دەنگت هێزی تۆیە؛ مەهێڵە ترس و دڵەڕاوکێ بێدەنگت بکات!، ئەمڕۆ بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خولی باڵای هونەری دەربڕین و وتاربێژی کارامە هات، کە لەلایەن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ڕێکخرابوو. خولەکە بە مەبەستی شکاندنی بەربەستی ترس و دڵەڕاوکێی قسەکردن لەبەردەم جەماوەر، دروستکردنی کاریگەری لە سەکۆکاندا، و بەخشینی متمانەبەخۆبوون بە بەشداربووان بۆ ماوەی ٣ ڕۆژی چڕوپڕ لە هۆڵی پێنجوێن شاری فێربوون لە کتێبخانەی گشتی پێنجوێن بەڕێوەچوو. گرنگترین دەستکەوت و تەوەرەکانی خولەکە: ڕاهێنانی پراکتیکی و ڕاستەوخۆ لەسەر سەکۆ بۆ تێپەڕاندنی لەرزینی دەنگ و شڵەژان. بەدەستهێنانی کارامەییەکانی ڕاکێشانی سەرنجی گوێگر و بەهێزکردنی کەسایەتی لە کۆبوونەوەکاندا. هەڵسەنگاندنی زانستی و ورد بۆ ئاستی بەشداربووان و چۆنیەتی گەیاندنی پەیام بە شێوازێکی کاریگەر و باوەڕپێکەر. لە کۆتایی چالاکییەکەدا، لە پای بەشداریکردن و تەواوکردنی سەرکەوتووانەی خولەکە، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر سەرجەم بەشداربوواندا دابەشکرا. هاوکات سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاراستەی ڕاهێنەری نێودەوڵەتی، دڵسۆز و لێهاتوو مامۆستا محەمەد میرانی کرا بۆ هەوڵ و ماندووبوونی لە پێشکەشکردنی ئەم خولە بەسوودە. بە هیوای دەنگێکی دلێر و ئامادەییەکی هەمیشە بەهێز بۆ سەرجەم بەشداربووان لە سەرجەم سەکۆکانی ژیاندا.
2026-09-17
پێنجوێن

کۆتاییهاتنی خولی پڕۆگرامسازیی پایسۆن و فێربوونی ئامێر (Machine Learning)

بە سەرکەوتوویی و بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئارەزوومەندانی بواری تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، کۆتایی بە خولی پڕۆگرامسازیی پایسۆن و فێربوونی ئامێر (Machine Learning) هات. لەم خولە چڕ و پراکتیکییەدا کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەشداربووان لە ئاستی بەکارهێنەری ئاساییەوە هەنگاویان بەرەو بوون بە دروستکەر و بەرهەمهێنەری تەکنەلۆژیا نا؛ بە کرداری ئاشنای شێوازی کارکردن، بیرکردنەوە و شیکاریکردنی داتاکان بوون لە ڕێگەی مۆدێلە زیرەکەکانەوە. تەوەرە سەرەکییەکانی خولەکە پێکهاتبوون لە: ناسینی ژیریی دەستکرد و میکانیزمی کارکردنی مۆدێلە پێشکەوتووەکان. بنەما سەرەکییەکانی زمانی پایسۆن (Python) وەک کۆڵەکەی تەلارسازیی AI. ڕۆڵی بیرکاری و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر دروستکردنی ئەلگۆریتمەکان. جێبەجێکردنی پرۆژەی پراکتیکی و ڕاهێنانی بەردەوام لەسەر داتا ڕاستەقینەکان. بەرهەمهێنانی مۆدێلێکی تەواوی زیرەک لە لایەن بەشداربووانەوە لە کۆتا ڕۆژدا. لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاراستەی ڕاهێنەری گەنج، دڵسۆز و لێهاتوو مامۆستا ئالان قەرەداخی دەکەین، کە وەک هەمیشە و هاوشێوەی چالاکییە پڕبایەخەکانی پێشووی، بە ئەوپەڕی تواناوە زانیارییە سەردەمییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. دەستخۆشی لە سەرجەم بەشداربووان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە کاروانی داهاتوویاندا لە دنیای پرۆگرامسازی و تەکنەلۆژیادا.#penjwen_learning_city
2026-07-14
پێنجوێن

لە فێربوونەوە بۆ خزمەت؛ دەستی ماندووی گەنجانمان ئاوەدانی دەچێنێت!

شانازی دەکەین کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و دوای سەرکەوتنی فێرخوازانمان لە خولی بنەڕەتیی دانانی کارەبای ناوماڵ، ئەمڕۆ هەنگاوێکی کرداریی گەورەمان نا بۆ گۆڕینی زانیارییەکان بۆ خزمەتگوزارییەکی ڕاستەقینە. ئەمڕۆ، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی درەو، فێرخوازانی خولەکەمان هەستان بە ئەنجامدانی تەواوی تەئسیساتی کارەبای ماڵێک کە لەلایەن خێرخوازانی خوداناسەوە لە سێبەری ڕێکخراوی درەو بنیاد دەنرێت. ئامانجمان لەم هەنگاوە: پێگەیاندنی نەوەیەکی بەتوانا: ڕەخساندنی دەرفەتی کارکردنی مەیدانی بۆ فێرخوازان تا بە کرداری ئەزموون پەیدا بکەن. هاوکاری و مرۆڤدۆستی: بەخشینی ماندووبوون و زانیاریی گەنجانمان لە پڕۆژەیەکی خێرخوازییدا بۆ هاوکاریکردنی خێزانێکی کەم دەرامەت. سوپاس بۆ هاوبەشمان ڕێکخراوی درەو، سوپاس بۆ خێرخوازانی دڵسۆز، و دەستخۆشی بێپایان بۆ فێرخوازە لێهاتووەکانمان کە سەلماندیان گەنجانی ئێمە سەرمایەی داهاتوون.

Partners