چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2026-10-07
پێنجوێن

لە پێنجوێن؛ خولێکی نێودەوڵەتیی هاوسەنگیی جەستەیی و دەروونی بۆ مامۆستایانی وەرزش ساز کرا

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن، خولی نێودەوڵەتیی پەروەردەیی، جەستەیی و دەروونی لەژێر ناونیشانی بەرد و ئاو بۆ مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی سنوورەکە بەڕێوەچوو. خولەکە بە سەرپەرشتیی خاتوو بێریڤان جەمال حەمەسەعید، ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی لە پەیمانگای هۆڵەندیی GADKU پێشکەش کرا. لە کەشێکی پڕ لە وزە، کارلێک و پراکتیکیدا، تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی تواناکانی مامۆستایان و چۆنیەتیی دروستکردنی هاوسەنگییەکی پتەو لە نێوان تەندروستیی جەستەیی و ئارامیی دەرووندا، لە ڕێگەی مێتۆدی نوێی ڕاهێنان و جووڵەی وەرزشییەوە. دەستەی بەڕێوەبردنی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن دەکات بۆ پشتیوانیی بەردەوام و هەماهەنگیی هەمیشەییان لە سەرخستنی تەواوی کار و چالاکییەکانی پڕۆگرامەکەدا. هاوکات، دەستەی بەڕێوەبردن سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی هۆبەی چالاکیی وەرزش و دیدەوانیی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن دەکات، بۆ هەوڵ، ماندووبوون و ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕێکخستن و سەرخستنی ئەم خولە گرنگەدا.
2026-09-17
پێنجوێن

دەستپێکردنی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی

دەستپێکردنی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی؛ سەکۆیەک بۆ ساغکردنەوەی ڕەنجی جوتیاران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نێو سروشتی دڵگیری پێنجوێن و لە پارکی لازۆ، کارەکانی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی بە فەرمی دەستی پێکرد. فیستیڤاڵەکە وەک هەنگاوێکی گرنگ دێت بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی دەڤەرەکە، بە بازاڕکردنی ڕەنجی دەستی جوتیاران و ناساندنی زیاتری بەرهەمە دەوڵەمەندە خۆماڵییەکان. ئەم کەرنەڤاڵە کشتوکاڵییە بە سەرپەرشتی قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێن و بە بەشداریی کارای چەندین دامودەزگای حکومی، ڕێکخراوی ژینگەیی و مەدەنی بەڕێوەدەچێت. پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون وەک هاوبەشێکی سەرەکی ڕۆڵ لە ڕێکخستنی فیستیڤاڵەکەدا دەبینێت، کە بە ئامادەبوونی زانا ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکە، کارەکانی دەستپێکرد. لایەنە بەشدار و هاوبەشەکان: سەرۆکایەتی شارەوانی پێنجوێن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن هۆبەی ڤێتێرنەری پێنجوێن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ڕێکخراوەکانی: ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، جوتیارانی ئەفرێنەر، سەلامەتی خۆراک، و گروپی درەخت چالاکییەکانی فیستیڤاڵ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ (١٧ تا ١٩ـی ئەیلوول) بەردەوام دەبێت، کە تیایدا کۆمپانیای الاطلس الاصيل سپۆنسەری دارایی و دەزگای میدیایی کوردسات سپۆنسەری میدیایی لە ئەستۆ گرتووە. فیستیڤاڵەکە دەرفەتێکی پڕبایەخ دەڕەخسێنێت تا هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕاستەوخۆ لە جوتیارانەوە بەرهەمە سروشتی و ناوخۆیییەکان بەدەستبهێنن.
2026-08-13
پێنجوێن

هەنگاوێکی خێرخوازانە بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی لە پێنجوێن

بە ئامادەبوونی بەرێز قایمقامی قەزای پێنجوێن (عەدنان کاکە ڕەش)، ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکان، سەرمایەدارانی نیشتمانیی قەزاکە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەرمک بەڕێز (هێمن ابراهیم) کەمپینێکی نیشتمانی و خێرخوازانە ڕاگەیەندرا بۆ دابینکردنی چەند ئامێرێکی گرنگی تەندروستی (وەک ئامێری مەمۆگرافی و پێداویستییەکانی تر) بۆ نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن. سەرنجی بەڕێزتان بۆ چەند خاڵێکی گرنگ ڕادەکێشین: بێ پارە کۆکردنەوە: ئەم کەمپینە بۆ کۆکردنەوەی پارە نییە، بەڵکو هەر سەرمایەدار و خێرخوازێک کە حەز بکات بەشداری بکات، خۆی ڕاستەوخۆ هەڵدەستێت بە کڕینی ئامێرەکە. لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پێنجوێنەوە، بەرچاوڕوونی و پێویستییەکان دەدرێن بە سەرمایەداران بۆ کڕینی ئامێرەکان، ئەمەش بە هەماهەنگی و لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن. وەک (پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون)، دەستپێشخەریی ئەم پرۆژە خێرخوازانەیەمان کردوە و بە شانازییەوە خۆمان هاوکار و دەستباری پرۆسەکە دەبین بۆ خزمەتکردنی زیاتری شارەکەمان. داواکارین لە هەموو لایەنە دڵسۆز و خێرخوازەکان کە دەتوانن، بەشداری لەم کارە مرۆییەدا بکەن بۆ ئاوڕدانەوە لە باری تەندروستیی نەخۆشەکانمان.
2026-07-23
پێنجوێن

تۆمارێکی مێژوویی لە پێنجوێن؛ سەرکەوتنی یەکەمین پاڵەوانێتیی (٥پرێس)

پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بە هاوبەشی یەکێتی ناوەندی هێزی لەشی کوردستان پاڵەوانێتی بۆ هوڵ و یانەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ (پیاوان) (کراوە) لە یاری (پێنج پرێس)(کلاسیک) ڕێکخست بۆ یەکەمین جار لە قەزای پێنجوێنی سەربرز، پاڵەوانێتیی (٥پرێس) بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، کە تێیدا وەرزشکارانی دڵسۆز و چالاکی پێنجوێن و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و کێبرکێیەکی سەرنجڕاکێشیان پێشکەش کرد. ئەم چالاکییە وەرزشییە مەزنە بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی دیار و بەرپرس ڕازایەوە، لەوانە: بەڕێز قائیمقامی قەزای پێنجوێن، کاک (عدنان کاکە ڕەش) بەشێک لە ئەندامانی بۆردی باڵای پرۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بەشێک لە بەڕێوەبەر و نوێنەری فەرمانگە حکومییەکان جەماوەر و وەرزشکارانی خۆشەویستی پێنجوێن و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان سوپاس بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بە ئامادەبوون و هاوکارییان پشتیوانیان بوون بۆ سەرخستنی ئەم پاڵەوانێتییە و برەودان بە ڕەوشی وەرزشی لە ناوچەکەماندا.
2026-07-15
پێنجوێن

کۆتاییەکی پڕ لە سەرکەوتن و درەوشانەوە بۆ نەوەکانی دواڕۆژمان!

سوپاس بۆ خودای گەورە، بە سەرکەوتوویی و بە کۆمەڵێک دەستکەوتی ناوازەوە کۆتاییمان هێنا بە خولی تایبەتی منداڵان. لەم گەشتە پەروەردەیی و فێرکارییەدا، توانیمان ژینگەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و زانیاری بۆ جگەرگۆشەکانمان و چەندین بەهرەی نوێیان تێدا بدۆزینەوە. لەم خولەدا، منداڵە نازدارەکانمان لە چەندین لایەنی جیاوازەوە گەشەیان کرد و ئاشنای ئەم بابەتە گرنگانە بوون: ئاداب و ڕەوشتبەرزی: فێربوونی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ڕێزگرتن. نیشتیمان پەروەری: چاندنی تۆوی خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان لە دڵیاندا. زمانی کوردی: ئاشنابوون بە جوانی و ڕێنووسی زمانی دایک. بیرکاری: پەرەپێدانی بیرکردنەوەی لۆجیکی و ژمارەیی. وەرزش و چالاکی جەستەیی: گرنگیدان بە تەندروستی و لایەنی جەستەیی منداڵان. وێنەکێشان و هونەر: دەرخستنی خەیاڵ و بەهرە هونەرییەکانیان. ...و چەندین یاری و چالاکی هەمەجۆری پەروەردەیی تر. سوپاس و پێزانین بۆ ستافی مامۆستایان بێگومان هیچ سەرکەوتنێک بەبێ ماندووبوون و دڵسۆزی بەدی نایەت. لێرەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆمان ئاراستەی ستافی دڵسۆز و ماندوونەناسی مامۆستایانمان دەکەین کە وەک دایک و خوشک لەگەڵ منداڵەکاندا بوون و هەموو توانایەکی خۆیان بۆ پێگەیاندنیان بەخشی: مامۆستا زانیار عبداللە سەرپەریشتیاری خول ژیار فاتح فایق سۆلین گۆران طاھر تابان عثمان رحمان شاجوان حسێن احمد مەرزیە یاسین حسین مینا عباس رحيم ئاڤان ڕەحیم ڕەحمان کیژان غەفور محمد سیتا فەرید صدیق میهرەبان عبداللە محمد ژینۆڕەسوڵ حسن سۆزیار عطا مجید ئاسیا حمەشریف حمە کریم هیوای پاشەڕۆژێکی گەش و پڕ لە سەرکەوتن بۆ یەک بە یەکی منداڵە چاوگەشەکانمان دەخوازین و دڵنیاین ئەمانە دەبنە سەرکردە و داهێنەرانی داهاتووی وڵاتەکەمان.

هاوبەشەکان