چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2026-02-12
پێنجوێن

پانێڵێکی ئەکادیمی سەبارەت بە ژینگە و ژیان لە پێنجوێن بەڕێوەچوو

پێنجوێن - پڕۆگرامی پێنجوێنی شاری فێربوون ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٦، پانێڵێکی تایبەتی ئەکادیمی بە ناونیشانی ژینگە و ژیان: لە هزرەوە بۆ کردار لە هۆڵی پڕۆگرامی پینجوێن شاری فێربوون لە کتێبخانەی گشتی پێنجوێن بەڕێوەبرد. ئەم پانێڵە کە لە کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆدا لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی پێنجوێن دەستی پێکرد، لەلایەن دوو ئەکادیمی و توێژەری ناسراوی زانکۆوە پێشکەش کرا: پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. کارزان عەبدوڵڵا و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. عەبدوڵڵا ئەحمەد (د. خاکی). ئەم چالاکییە ئەکادیمییە بە سەرکەوتوویی و بە بەشداریکردنی بەرچاوی ژمارەیەک لە دانیشتوانی پێنجوێن و ئامادەبوونی خانەوادەی شەهیدانی ژینگە بێستون عەبدوڵڵا و ئالان یوسف بەڕێوەچوو. پانێڵەکە هەلێکی گرنگ بوو بۆ لێکدانەوە و گفتوگۆ سەبارەت بە پرسی ژینگە و گرنگی گواستنەوەی هزر بۆ کردار لە بواری پاراستنی ژینگە و ژیان.
2025-01-30
پێنجوێن

بەردەوامبوونی خولی "پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر" بە داخوازی گشتی

وەڵامدانەوە بە پێداویستی فێرخوازان بەهۆی ڕەزامەندی بەرز و داواکاری بەردەوامی دایک و باوکان و فێرخوازانی خولی "پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر"، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بڕیارێکی گرنگی دا. لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم خولە پەروەردەییە، بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەکە بڕیاری درێژەدان بەخولەکەی ڕاگەیاند بە شێوەیەکی هەفتانە. خشتەی نوێی وانەکان لە ئێستادا خولەکە هەفتانە لە ڕۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دەرفەتێکی باشتر بۆ فێرخوازان دابین دەکات بۆ بەشداریکردن لە وانە جیاجیاکان. چالاکییەکانی ڕۆژی هەینی 30-1-2026 لە ڕۆژی هەینی، 30ی کانوونی دووەمی 2026 ئەنجامدرا، دوو وانەی تایبەت و گرنگ پێشکەش بە فێرخوازان کرا: وانەی ئینگلیزی مامۆستا هێمن مەنوچەهر سان ئەحمەد وانەیەکی تایبەت لە بواری زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد، کە تێیدا لایەنە گرنگەکانی پەیوەندی و کاریگەری زمانی ئینگلیزی شیکردەوە. وانەی کۆمپیوتەر مامۆستا ئومێد عومەر ئیسماعیل وانەیەکی پراکتیکی و کرداری لە بواری کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاری ڕاگەیاند، کە بەشێک بوو لە پڕۆگرامی گەشەپێدانی لێهاتووییەکانی فێرخوازان. گرنگی بەردەوامبوونی خولەکە بەردەوامبوونی ئەم خولە پەروەردەییە نیشانەی پابەندبوونی پڕۆگرامی پێنجوێن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بەکوالیتی بەرزە، هەروەها وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنییە بۆ داواکاری کۆمەڵگە لە بواری گەشەپێدانی کارامەیی نەوەی گەنج.
2026-01-17
پێنجوێن

بە سەرکەوتوویی خولی یەک مانگی «پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر» کۆتایی هات

بە سەرکەوتوویی خولی یەک مانگی پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر کۆتایی هات ئەمڕۆ خولی یەک مانگی پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، کە لە چوارچێوەی کار و چالاکییە فێرکارییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ڕێکخرا بوو. ئەم خولە ماوەی یەک مانگ بەردەوام بوو و ئامانجی سەرەکیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و بەشدارییان بوو لە بواری پێگەیاندن و دروستکردنی نەوەیەکی کاریگەر و هۆشیار. لە کۆتایی خولەکەدا، بڕوانامەی بەشداری بە سەرجەم بەشداربوان بەخشرا، هەروەها لەلایەن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوونەوە قەڵغانی سوپاس و پێزانین پێشکەش بە مامۆستای سەرەکی خولەکە کرا مامۆستا (ئالان محێدین قەرەداخی) بۆ هەوڵ و ماندووبوونی و ئاستی بەرزی وانە و ڕاهێنانەکانی. لە هەمان کاتدا، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاڕاستەی سەرجەم ئەو مامۆستا ڕاهێنەرانەدەکات کە لە چوارچێوەی ئەم خولەدا بەشدارییان کردووە و بابەتی تایبەتیان پێشکەش کردووە لە ماوەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژدا، ئەوانیش بریتین لە: دکتۆر سۆران بەها ئاوات محمد مامۆستا هێمن مەنوچەهر سان ئەحمەد پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون پشتگیری و هاندانی چالاکیی فێرکاری و گەشەپێدانی توانای گەنجان بە گرنگترین ئەرکەکانی دەزانێت و بەردەوام دەبێت لە ڕێکخستنی خولی هاوشێوە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی زانای کاریگەر و خزمەتگوزار.
2025-12-08

"ئەمڕۆ ماندووبوون، سبەینێ گەیشتن بە سەرکەوتن" پێنجوێن - ئامادەیی پێنجوێن ٨/١٢/٢٠٢٥ لە چوارچێوەی کار و چالاکییە پەروەردەییە بەردەوامەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، ئەمڕۆ سیمینارێکی تایبەت لە ئامادەیی پێنجوێن بەڕێوەچوو. ماندووبوون ڕێگایە بۆ سەرکەوتن بەڕێز ڕاهێنەر ئاراس کەریم پێنجوێنی وەک پێشکەشکاری ئەم سیمینارە، جەختی لەسەر فەلسەفەیەکی ژیان کردەوە کە دەڵێت: "ئەمڕۆ ماندووبوون، سبەینێ گەیشتن بە سەرکەوتن". لە وتارەکەیدا، پێنجوێنی باسی لە گرنگی بەرگری، پابەندبوون، و ماندووبوونی ئێستا وەک وەبەرهێنان بۆ داهاتوویەکی گەشاوە کرد. ئەو هانی بەشداربووانی دا کە هیچکات دەست لە خەون و ئامانجەکانیان هەڵنەگرن، چونکە هەموو ماندووبوونێک هەنگاوێکە بەرەو سەرکەوتن. بەردەوامی لە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی بەنرخ ئەم چالاکییە بەشێکە لە کار و چالاکییە بەردەوامەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن کە ئامانجی پەروەردەکردنی نەوەیەکی بەهێز و خاوەن ویستی بەهێزە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. پڕۆگرامەکە بەردەوامە لە دابینکردنی دەرفەتی فێربوون و پەرەپێدان بۆ بەشداربووان لە بوارە جیاجیاکان. بەشداربووان دەرفەتیان بەدەستهێنا کە بیروڕاکان و ئەزموونی کەسی خۆیان لەگەڵ ڕاهێنەردا بەشبکەن. پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون وەک دەروازەیەکی کراوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەدوای گەشەکردن و پەروەردەیەکی بەرزدا دەگەڕێن، و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی سیمینار و وانە جۆراوجۆرەکان. لە کۆتییدا زۆر سوپاسی بەڕێز ئاراس کەریم پێنجوێنی دەکەین کە ئەرکیان کێشا بۆ پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە و سوپاسی بێ پایانیش ئاڕاستەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن و بەڕێوەبەر و مامۆستایان و دەستەی کارگێڕی ئامادەیی پێنجوێنی تێکەڵاو دەکەین، کە هەمیشە هاوکار و دەستباری کار و چالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوونن .
2025-11-29
پێنجوێن

نەوەی کاریگەر" بۆ پەرەپێدانی توانای لاوان دەستیپێکرد

پێنجوێن - ٢٩-١١-٢٠٢٥ مامۆستای خول: مامۆستا ئالان قەرەداخی (نوسەری ٢٠ کتێبی زانستی و ئەدەبی) و خاوەنی چەند پڕۆژەیەکی تەکنەلۆژی. ئەمڕۆ، لە شاری پێنجوێن و لە نێو کتێبخانەی گشتیی شارەکەدا، پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" دەستپێکردنی خولێکی نوێی بە ناوی "پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر" ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی گەشەپێدانی توانا زانستی و هزرییەکانی لاوانە. خولەکە تایبەت کراوە بە تەمەنەکانی ١٢ بۆ ١٨ ساڵ و بڕیارە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام بێت. بەگوێرەی بەرنامەی دانراو، وانەکان هەمەچەشنن و گرنگی بە هەردوو لایەنی تەکنەلۆژیا و گەشەپێدانی مرۆیی دەدەن، دیارترین بابەتەکانیش بریتین لە: (زیرەکی دەستکرد و ئەلکترۆنیات، کۆمپیوتەر، هونەری وتاردان و باوەڕبەخۆبوون، لەگەڵ پڕۆژەی خوێندنەوە و یارییە فکرییەکان). خولەکە هەفتانە دوو ڕۆژ (هەینی و شەممە) لە کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ تا ٤:٠٠ی عەسر لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتیی پێنجوێن بەڕێوەدەچێت. سەبارەت بە هاوکاتبوونی خولەکە لەگەڵ وەرزی خوێندن، مەبەستی پاراستنی ئاستی زانستی قوتابیان، خولەکە لە کاتی تاقیکردنەوەکانی خوێندنگەکاندا بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و دواتر دەستپێدەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی لاوانی سنورەکە و ئاڕاستەکردنیان بەرەو داهاتوویەکی ڕۆشنتر لە ڕێگەی زانست و مەعریفەوە.
2025-11-06
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

پێنجوێن بەرەو ناسنامەیەکی جیهانی: هەنگاوێکی نوێ لە ڕێگای فێربوونی بەردەوام..

ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان بۆردی سەرپەرشتی پێنجوێن شاری فێربوون، پێشوازیکرد لە وەفدی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عیراقی فیدراڵ. لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی پێنجوێن وەک یەکێک لە شارەکانی پرۆگرامی فێربوون بە درێژایی تەمەنی ڕیکخراوی یونسکۆ کرا. وەفدی میوان پشتیوانیی و پێزانینی خۆیان بۆ پارێزگای سلێمانی و قائمقامیەتی قەزای پێنجوێن و بۆردی پێنجوێن شاری فێربوون و خەڵکی جوامێری پێنجوێن دەربڕی. لەم بۆنە گرنگەدا، سوپاسی تایبەتمان بۆ بەڕێز د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و وەفدی بەڕێز وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عیراقی فیدراڵ دەربڕین، بۆ ئەو پشتیوانییە بێوچانەیان لەم پرۆژە نیشتمانییەدا. هیوادارین ئەم هەنگاوە میراتیەکی گەشاوە بۆ نەوەکانی داهاتوو بێت و پێنجوێن بە شارێکی نموونە لە بواری فێربوون و گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوامبێت. سەرکەوتن بۆ هەموو لایەنێک کە لەم کارەگرنگ و شارستانییەدا بەشداربوون.
2025-10-19
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

سیمینارێکی پەروەردەیی لە پێنجوێن ئەنجامدرا.

پێنجوێن - پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سیمینارێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی "سێگۆشەی پەروەردە: خوێندکار و مامۆستا و خێزان" بەڕێوەبرد. ئەم چالاکییە پەروەردەییە کە لە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆدا لە هۆڵی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی پێنجوێن ئەنجامدرا، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان سێ پایەیی سەرەکیی پرۆسەی پەروەردە - خوێندکاران، مامۆستایان و خێزانەکان - ڕێکخرابوو. بەڕێز دکتۆر محەمەد خانی وەک بێژەری سەرەکیی، بابەتە پەروەردەییەکانی شیکردەوە و ڕێنماییە بەسوودەکانی پێشکەش کرد بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی باشتر. ئامادەبوانی سیمینارەکە توانیان تێگەیشتنی قووڵتر بەدەست بهێنن لەسەر ڕۆڵی هەر یەک لەم سێ لایەنە لە سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن و فێربوون. ئەم بەرنامەیە بەشێکە لە چالاکییە بەردەوامەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە لەم شارەدا.

هاوبەشەکان