چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2025-12-08

"ئەمڕۆ ماندووبوون، سبەینێ گەیشتن بە سەرکەوتن" پێنجوێن - ئامادەیی پێنجوێن ٨/١٢/٢٠٢٥ لە چوارچێوەی کار و چالاکییە پەروەردەییە بەردەوامەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، ئەمڕۆ سیمینارێکی تایبەت لە ئامادەیی پێنجوێن بەڕێوەچوو. ماندووبوون ڕێگایە بۆ سەرکەوتن بەڕێز ڕاهێنەر ئاراس کەریم پێنجوێنی وەک پێشکەشکاری ئەم سیمینارە، جەختی لەسەر فەلسەفەیەکی ژیان کردەوە کە دەڵێت: "ئەمڕۆ ماندووبوون، سبەینێ گەیشتن بە سەرکەوتن". لە وتارەکەیدا، پێنجوێنی باسی لە گرنگی بەرگری، پابەندبوون، و ماندووبوونی ئێستا وەک وەبەرهێنان بۆ داهاتوویەکی گەشاوە کرد. ئەو هانی بەشداربووانی دا کە هیچکات دەست لە خەون و ئامانجەکانیان هەڵنەگرن، چونکە هەموو ماندووبوونێک هەنگاوێکە بەرەو سەرکەوتن. بەردەوامی لە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی بەنرخ ئەم چالاکییە بەشێکە لە کار و چالاکییە بەردەوامەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن کە ئامانجی پەروەردەکردنی نەوەیەکی بەهێز و خاوەن ویستی بەهێزە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. پڕۆگرامەکە بەردەوامە لە دابینکردنی دەرفەتی فێربوون و پەرەپێدان بۆ بەشداربووان لە بوارە جیاجیاکان. بەشداربووان دەرفەتیان بەدەستهێنا کە بیروڕاکان و ئەزموونی کەسی خۆیان لەگەڵ ڕاهێنەردا بەشبکەن. پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون وەک دەروازەیەکی کراوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەدوای گەشەکردن و پەروەردەیەکی بەرزدا دەگەڕێن، و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی سیمینار و وانە جۆراوجۆرەکان. لە کۆتییدا زۆر سوپاسی بەڕێز ئاراس کەریم پێنجوێنی دەکەین کە ئەرکیان کێشا بۆ پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە و سوپاسی بێ پایانیش ئاڕاستەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن و بەڕێوەبەر و مامۆستایان و دەستەی کارگێڕی ئامادەیی پێنجوێنی تێکەڵاو دەکەین، کە هەمیشە هاوکار و دەستباری کار و چالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوونن .
2025-12-07
پێنجوێن

سیمیناری فریاگوزای سەرەتایی

پێنجوێن - ٧ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە دواناوەندی بانوی کچان سیمینارێکی تایبەتی تەندروستی لەسەر بابەتێکی گرنگ لە بواری تەندروستی ڕۆژانەدا پێشکەش کرد. فریاگوزاری سەرەتایی: لەم سیمینارەدا،ڕاهێنەران گوڵان کەمال و ژیلا عەبدولڕەحمان باسی بنەماکانی فریاگوزاری سەرەتاییان کرد و تیشکیان خستە سەر: چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە لەناکاوەکانی ژیانی ڕۆژانە و گرنگی زانینی شێوازەکانی ڕزگارکردنی گیان لە حاڵەتی فریاکەوتن ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخە فریاگوزارییەکان لە ژینگەی خوێندنگە و ماڵەوە بەشی تەندروستی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بەسەرپەرشتی بەڕێز لوقمان لەتیف بەردەوامە لە خزمەت و هۆشیارییە تەندروستەییەکانی بەشێوەیەکی دڵسۆزانە و بەردەوام ... سوپاس بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایان و یەکەی کارگێڕی دواناوەندی بانوی کچان و بەڕێوبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن، کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکاری چالاکییە پەروەردەییەکانمانن. بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەمووان
2025-11-29
پێنجوێن

نەوەی کاریگەر" بۆ پەرەپێدانی توانای لاوان دەستیپێکرد

پێنجوێن - ٢٩-١١-٢٠٢٥ مامۆستای خول: مامۆستا ئالان قەرەداخی (نوسەری ٢٠ کتێبی زانستی و ئەدەبی) و خاوەنی چەند پڕۆژەیەکی تەکنەلۆژی. ئەمڕۆ، لە شاری پێنجوێن و لە نێو کتێبخانەی گشتیی شارەکەدا، پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" دەستپێکردنی خولێکی نوێی بە ناوی "پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر" ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی گەشەپێدانی توانا زانستی و هزرییەکانی لاوانە. خولەکە تایبەت کراوە بە تەمەنەکانی ١٢ بۆ ١٨ ساڵ و بڕیارە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام بێت. بەگوێرەی بەرنامەی دانراو، وانەکان هەمەچەشنن و گرنگی بە هەردوو لایەنی تەکنەلۆژیا و گەشەپێدانی مرۆیی دەدەن، دیارترین بابەتەکانیش بریتین لە: (زیرەکی دەستکرد و ئەلکترۆنیات، کۆمپیوتەر، هونەری وتاردان و باوەڕبەخۆبوون، لەگەڵ پڕۆژەی خوێندنەوە و یارییە فکرییەکان). خولەکە هەفتانە دوو ڕۆژ (هەینی و شەممە) لە کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ تا ٤:٠٠ی عەسر لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتیی پێنجوێن بەڕێوەدەچێت. سەبارەت بە هاوکاتبوونی خولەکە لەگەڵ وەرزی خوێندن، مەبەستی پاراستنی ئاستی زانستی قوتابیان، خولەکە لە کاتی تاقیکردنەوەکانی خوێندنگەکاندا بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و دواتر دەستپێدەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی لاوانی سنورەکە و ئاڕاستەکردنیان بەرەو داهاتوویەکی ڕۆشنتر لە ڕێگەی زانست و مەعریفەوە.
2025-11-22
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

خولێکی دووڕۆژی تەندروستی سەبارەت بە دەرمانزانی کۆتاییهات.

بەشی تەندروستی لە پرۆگرامی پێنجوێنی شاری فێربوون، ئەمڕۆ خولێکی دوو ڕۆژەی تایبەتمەندی لە بواری دەرمانزانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا. ئەم خولە تەندروستییە کە بە سەرپەرشتی بەڕێز (لوقمان لەتیف)، بەرپرسی بەشی تەندروستی ڕێکخرابوو، تایبەت بوو بە کارمەندانی تەندروستی و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان. ڕاهێنەری بەتوانای خولەکە، مامۆستا (هاوڕێ ساڵح)، تیشکی خستە سەر بابەتی "بنەماکانی دەرمانزانی و گرووپە باوەکانی دەرمان"، کە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەکوالیتی. خولەکە لە ماوەی ٢٠ و ٢٢ی تشرینی دووەم لە هۆڵی پرۆگرامی پێنجوێن (نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی) بەڕێوەچوو، لە کاتژمێر ٨:٣٠ بۆ ١١:٣٠ی بەیانی. لە کۆتایی خولەکەدا، هەموو بەشداربووان بڕوانامەی بەشداریکردنیان وەرگرت، وەک بەڵگەیەکە لەسەر بەردەوامبوونیان لە پەرەپێدانی توانای پیشەییان. هاوکات قەڵغانی سوپاس و پێزانین بەخشرایە بەڕێز مامۆستا (هاوڕێ ساڵح)، ڕاهێنەری بەتوانای ئەم خولە، کە بە زانست و ئەزموونی خۆی ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە سەرکەوتنی ئەم بەرنامە تەندروستییە. هەروەها سوپاسی گەرمیشمان هەیە بۆ بەڕێز (لوقمان لەتیف)، بەرپرسی بەشی تەندروستی، کە بە دڵسۆزی و بەردەوامی خزمەتی شارۆچکەی پێنجوێن دەکات و بە سەرپەرشتی خۆی ئەم خولەی بە سەرکەوتوویی ڕێکخست. بە ڕاستی بڕیاری ئەوان و هەوڵە بێوچانەکانیان بنەمایەکی بەهێزە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە شارەکەماندا.
2025-11-20
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم
2025-11-18
پێنجوێن - ناحیەی ناڵپارێز - کتێبخانەی دواناوەندی ناڵپارێزی تێکەڵاو

گەنجێکی پێنجوێنی لە فێرخوازەوە بۆ فێرکار

چیرۆکی سەرکەوتنێکی ئیلهامبەخش پێنجوێن ناحیەی ناڵپارێز ١٨-١١-٢٠٢٥ لە دڵی گوندی (گوڵانی سەروو)ی ناحیەی ناڵپارێز، گەنجێک توانی بە خەون و پێداگرییەکەی، چیرۆکێکی سەرکەوتنی نوێ بنووسێت کە ئەمڕۆ بووە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هاوتەمەنەکانی. لە بێدەنگیەوە بۆ دەنگی بەرز: (گەشتی (هەستیار ڕزگار دەستپێدەکات. هەستیار ڕزگار ، گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵان، ئەو پێشتر ئەم کەسە نەبوو کە ئەمڕۆ لەسەر شانۆی هۆڵی کتێبخانەی قوتابخانەکەی وەستاوە. بەڵکو ئەو تەنانەت چەند مانگێک لەمەوبەر، نەیدەتوانی بە ئاسایی لەبەردەم چەند کەسێکدا قسە بکات. بەڵام ئەمڕۆ، بە دڵنیاییەکی سەرسوڕهێنەرەوە، یەکەم سیمیناری خۆی پێشکەشی دەیان خوێندکاری چاوەڕوان و تامەزرۆ دەکات. ئەم گۆڕانکارییەش بەرهەمی بەشداریکردنی بەردەوامی ئەو بووە لە زیاتر لە ١٠ چالاکی و خول و سیمیناری پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون - پڕۆگرامێک کە نەک تەنها زانیاری دەبەخشێت و بەس، بەڵکو گەنجان دەگۆڕێت بۆ باشتر. ئەوەی سیمیناری هەستیار تایبەت دەکات، ئەوە نییە کە چی دەڵێت، بەڵکو بۆ کێ و بە کێی دەیڵێت. ئەو وەک وەفایەک دەستپێکی سیمینارەکەی تەرخان کردووە بۆ یادی دوو قارەمانی نەمر: شەهید بێستون عەبدوڵا و شەهید ئالان یوسف. بە دەنگێکی پڕ لە هەستەوە، دەستی بە سیمینارەکە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ من لێرە نیم تەنها بۆ ئەوەی باس لە ژینگە بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی نابێت ئەو کەسانە لەبیر بکەین کە ژیانیان بۆ ئەم سروشتە جوانە بەخت کرد. ئەوان نەمردوون، هەرگیز "ژینگەدۆستانی ڕاستەقینە نامرن، جیاوازییەک دروستدەکەن کە بۆ نەوەکان دەمێنێتەوە." کاتێک ووشەکان دەبن بە چالاکی ناوەڕۆکی سیمیناری هەستیار ساکار نەبوو - ئەو زیانگەیاندنی کەرەستە و پاشماوە لەکارکەوتووەکان بە شێوەیەکی ڕوون و لێهاتوو ڕوونکردەوە. بە هێنانی بەڵگە و پاتری لەکارکەوتوو وەک نموونە، گەنجەکان ئاگادار دەکاتەوەلە پیسبوونی ژینگە لەڕێگەی ئەم کەرەستە لەکارکەوتوانەوە کە نموونەیەکی بچوکی تێکدانی ژینگەن لەنێو چەندان نموونەی دیکەی ژیانی ڕۆژانە . هۆڵی کتێبخانەی دواناوەندی ناڵپارێز ئەمڕۆ شایەتی ڕووداوێکی تایبەت بوو. خوێندکارانی قوتابخانەکانی ناوچەکە بە چڕی و سەرنجێکی بێ وێنە گوێیان لە گەنجە سەرکەوتووەکە گرت. لەکۆتاییدا سوپاسی هەستیار ڕزگاریانکرد لەپای پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە سوپاسگوزاری لە ناو دڵسۆزی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاسی تایبەت بۆ: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای پێنجوێن بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەی ناڵپارێز بۆ ئامادەکردنی زەمینە و هاندانی خوێندکاران هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە توانای گەنجانی ئەم ناوچەیە هەیە پێنجوێن شاری فێربوون: لە کوێوە هاتووە، بۆ کوێ دەچێت؟ پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون تەنها پڕۆگرامێکی ساکار نییە - ئەم پڕۆگرامە هەوڵێکی گرنگە و دەیەوێت دەیان گەنجی وەک هەستیار دروست بکات. بە پێشکەشکردنی چالاکی و خول و سیمیناری جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەم پڕۆگرامە هەوڵدەدات گەنجانی ناوچە لاوەکییەکان نەک تەنها فێر بکات، بەڵکو بیانگۆڕێت بە گۆڕەرانی کۆمەڵگا. پەیامێک بۆ هەموو گەنجێک چیرۆکی هەستیار ڕزگار بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەوەی کە سەرچاوە، زیرەکی سروشتی نییە - بەڵکو هەوڵ وخەباتە. ئەگەر تۆش گەنجێکی خاوەن خەونی، یان هەست دەکەیت تواناکانت سنووردارن ، ئەوا با ئەم چیرۆکە ببێتە ئیلهامێک بۆت: "هەرگیز درەنگ نییە بۆ دەستپێکردن. بچووکترین هەنگاو دەتوانێت ببێتە گەشتێکی مەزن." ڕێز و سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەستیار ڕزگار و هەموو گەنجانی پێنجوێن کە هیوا و بەردەوامی بۆ ئاکامێکی باشتر دروست دەکەن! --------------------
2025-11-15
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

دەستپێکردنی خولی ڕاهێنەرایەتی TOT تایبەت بە ڕاهێنەرانی خۆبەخش نێو دەوڵەتی لە پێنجوێن

پێنجوێن - لە هەنگاوێکی گرنگدا، بۆ پەرەپێدانی توانا و باشترکردنی کوالێتی فێرکردن، بەرێوەبەرایەتی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ئەمڕۆ خولێکی تایبەتی ڕاهێنەرایەتی بۆ ڕاهێنەرانی خۆبەخشی خۆی دەستپێکرد. وردەکارییەکانی خول: ڕاهێنەری نێودەوڵەتی : محمد میرانی - شارەزا لە بواری ڕاهێنان شوێنی بەڕێوەچوون: کتێبخانەی گشتی پێنجوێن، نهۆمی دووەم کاتی دەستپێکردن: کاتژمێر ١:٣٠ی دوای نیوەڕۆ ئەم خولە بە مەبەستی بەهێزکردنی لێهاتوویی ڕاهێنەرانی خۆبەخش و دابینکردنی ڕێگە و شێوازی نوێی ڕاهێنەرایەتی دەستپێکراوە، کە بێگومان کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری پەروەردەیی لە شارەکەدا دەبێت. TOT (Training of Trainers) وەک ستراتیژییەکی کاریگەر بۆ دروستکردنی نەخشەیەکی بەردەوام لە ڕاهێنەرانی شارەزا دادەنرێت، کە توانای گواستنەوەی زانیاری و شارەزاییان بۆ خەڵکانی زیاتریان هەیە. ئەم خولە پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی و پیشەیی ئەو ڕاهێنەرە خۆبەخشانەی کە بە خۆویستی خۆیان لە خزمەتی پەروەردە و فێرکردن و ڕاهێناندان.
2025-11-08
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

هاوبەشییەکی نوێ بۆ داهاتوویەکی سەوزتر

پێنجوێن شاری فێربوون ٨-١١-٢٠٢٥ - لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پەروەردەیەکی بەردەوام و ژینگەپارێز، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون دەستی هاوبەشی بەرفراوان درێژکرد بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردی ئەمریکی (KAFS)، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی تایبەتدا کە ئامانجی پەرەپێدانی پەروەردەی کشتوکاڵی و ژینگەدۆستی لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە. ئەم هەوڵەدا تیشک خراوەتە سەر گرنگی پەروەردەی ژینگەیی و چۆنیەتی گەیاندنی بیرۆکەی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە سروشت بۆ نەوەی داهاتوو. کە بە ڕێباز و شێوازێکی زانستی دروست و ژینگەدۆستی و ژیاندۆستی جێبەجێدەکرێت، وەک پردێک دەبێت بۆ بەستنەوەی فێربوون بە ژیانی ڕۆژانە. پڕۆگرامی پێنجوێن، بە پشتگیری و پشتیوانی تەواوی خۆیەوە، ڕێگە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشییانە خۆش دەکات. لە کۆتایی کۆبوونەوە فەرمییەکەدا، لایەنەکان بەڵێنیان دا کە پڕۆژەی پەروەردەی ژینگەیی، بە هاوکاری و هاوبەشی هەردوو لایەن، لە قۆناغی کوفتارەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنی ڕاستەقینە.

هاوبەشەکان