چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2025-03-17
پێنجوێن

سیمینارێکی تایبەت بە پاراستنی گیا بەهارییەکان لە پێنجوێن بەڕێوەچوو

سیمینارێکی تایبەت بە پاراستنی گیا بەهارییەکان لە پێنجوێن بەڕێوەچوو ​پێنجوێن - ئەمڕۆ سێشەممە (١٧ی ئازاری ٢٠٢٦)، لەپێشوازی وەرزی بەهاردا سیمینارێکی هۆشیاریی ژینگەیی لەژێر ناونیشانی "چۆن پارێزگاری لە گیا بەهاری و خۆراکییەکان بکەین؟" لە هۆڵی پڕۆگرامی (پێنجوێن شاری فێربوون) لە کتێبخانەی گشتیی شارۆچکەکە بەڕێوەچوو. ​ئەم چالاکییە کە بە هەماهەنگی لە نێوان پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" و "ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە" ڕێکخرابوو، لەلایەن ڕێبوار کەمال، سەرۆکی ڕێکخراوی ملەکەوە پێشکەش کرا. ​لە سیمینارەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگیی بەکارهێنانی زانستییانەی گیا بەهارییەکان و ڕێگریکردن لە هەڵکێشانی ڕەگی ئەو گیایانەی کە سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکی و ئابوورین بۆ دانیشتووانی سنوورەکە. بەهۆی دەوڵەمەندیی کوێستانەکانی پێنجوێن بە ڕووەکی دەگمەن، چالاکییەکە جەختی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە: ​بڵاوکردنەوەی کولتووری دروستی لێکردنەوەی گیاکان. ​پاراستنی فرەچەشنیی زیندەیی لە کوێستانەکاندا. ​هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسیی لەناوچوونی ئەم سامانە نەتەوەییە. ​سیمینارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دۆستانی ژینگە و هاوڵاتیانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، بە ئامانجی ئەوەی پێکەوە کار بۆ پاراستنی ژینگەی پێنجوێن بکرێت.
2025-12-19
پێنجوێن - گوندی کواوا

هەرەوەزی چاندنی زاگرۆسانە لە پێنجوێن بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا.

پێنجوێن/گوندی کواوا - لە بەیانی ئەمڕۆ، هەینی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، گەورەترین هەرەوەزی چاندنی بەڕوو لە پێنجوێن بەڕێوەچوو، کە بەشێک بوو لە چالاکییەکی هاوبەشی کۆمەڵێک ڕێکخرا و چالاکوانانی ژینگەی و پڕۆگرامی "پێنجوێن، شاری فێربوون و ژینگەدۆستان" لە ساڵی حەوتەمیدا. چالاکییەکە کە لە کاتژمێر ٩:٣٠ی سەرلەبەیانی لە گوندی کواوا بەسەردانی ماڵی شەیدانی ژینگە و ژیان (بێستون عبداللە و ئالان یوسف) دەستی پێکرد، ئەم هەڵمەتە بە ئامانجی پاراستنی سروشت و ژیانەوەی داری زاگرۆس ئەنجامدرا. ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی ژینگەپارێز بەشداری ئەم هەرەوەزە کردووە. وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە و بنیادنانی داهاتوویەکی سەوزتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەم چالاکییەوە پێشکەش کرا، کە جەخت لەسەر گرنگی چاندنی دار و پاراستنی سروشتی نیشتیمان دەکاتەوە. شوێن:گوندی کواوا، پێنجوێن بەروار: ١٩/١٢/٢٠٢٥
2025-11-18
پێنجوێن - ناحیەی ناڵپارێز - کتێبخانەی دواناوەندی ناڵپارێزی تێکەڵاو

گەنجێکی پێنجوێنی لە فێرخوازەوە بۆ فێرکار

چیرۆکی سەرکەوتنێکی ئیلهامبەخش پێنجوێن ناحیەی ناڵپارێز ١٨-١١-٢٠٢٥ لە دڵی گوندی (گوڵانی سەروو)ی ناحیەی ناڵپارێز، گەنجێک توانی بە خەون و پێداگرییەکەی، چیرۆکێکی سەرکەوتنی نوێ بنووسێت کە ئەمڕۆ بووە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هاوتەمەنەکانی. لە بێدەنگیەوە بۆ دەنگی بەرز: (گەشتی (هەستیار ڕزگار دەستپێدەکات. هەستیار ڕزگار ، گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵان، ئەو پێشتر ئەم کەسە نەبوو کە ئەمڕۆ لەسەر شانۆی هۆڵی کتێبخانەی قوتابخانەکەی وەستاوە. بەڵکو ئەو تەنانەت چەند مانگێک لەمەوبەر، نەیدەتوانی بە ئاسایی لەبەردەم چەند کەسێکدا قسە بکات. بەڵام ئەمڕۆ، بە دڵنیاییەکی سەرسوڕهێنەرەوە، یەکەم سیمیناری خۆی پێشکەشی دەیان خوێندکاری چاوەڕوان و تامەزرۆ دەکات. ئەم گۆڕانکارییەش بەرهەمی بەشداریکردنی بەردەوامی ئەو بووە لە زیاتر لە ١٠ چالاکی و خول و سیمیناری پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون - پڕۆگرامێک کە نەک تەنها زانیاری دەبەخشێت و بەس، بەڵکو گەنجان دەگۆڕێت بۆ باشتر. ئەوەی سیمیناری هەستیار تایبەت دەکات، ئەوە نییە کە چی دەڵێت، بەڵکو بۆ کێ و بە کێی دەیڵێت. ئەو وەک وەفایەک دەستپێکی سیمینارەکەی تەرخان کردووە بۆ یادی دوو قارەمانی نەمر: شەهید بێستون عەبدوڵا و شەهید ئالان یوسف. بە دەنگێکی پڕ لە هەستەوە، دەستی بە سیمینارەکە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ من لێرە نیم تەنها بۆ ئەوەی باس لە ژینگە بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی نابێت ئەو کەسانە لەبیر بکەین کە ژیانیان بۆ ئەم سروشتە جوانە بەخت کرد. ئەوان نەمردوون، هەرگیز "ژینگەدۆستانی ڕاستەقینە نامرن، جیاوازییەک دروستدەکەن کە بۆ نەوەکان دەمێنێتەوە." کاتێک ووشەکان دەبن بە چالاکی ناوەڕۆکی سیمیناری هەستیار ساکار نەبوو - ئەو زیانگەیاندنی کەرەستە و پاشماوە لەکارکەوتووەکان بە شێوەیەکی ڕوون و لێهاتوو ڕوونکردەوە. بە هێنانی بەڵگە و پاتری لەکارکەوتوو وەک نموونە، گەنجەکان ئاگادار دەکاتەوەلە پیسبوونی ژینگە لەڕێگەی ئەم کەرەستە لەکارکەوتوانەوە کە نموونەیەکی بچوکی تێکدانی ژینگەن لەنێو چەندان نموونەی دیکەی ژیانی ڕۆژانە . هۆڵی کتێبخانەی دواناوەندی ناڵپارێز ئەمڕۆ شایەتی ڕووداوێکی تایبەت بوو. خوێندکارانی قوتابخانەکانی ناوچەکە بە چڕی و سەرنجێکی بێ وێنە گوێیان لە گەنجە سەرکەوتووەکە گرت. لەکۆتاییدا سوپاسی هەستیار ڕزگاریانکرد لەپای پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە سوپاسگوزاری لە ناو دڵسۆزی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاسی تایبەت بۆ: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای پێنجوێن بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەی ناڵپارێز بۆ ئامادەکردنی زەمینە و هاندانی خوێندکاران هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە توانای گەنجانی ئەم ناوچەیە هەیە پێنجوێن شاری فێربوون: لە کوێوە هاتووە، بۆ کوێ دەچێت؟ پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون تەنها پڕۆگرامێکی ساکار نییە - ئەم پڕۆگرامە هەوڵێکی گرنگە و دەیەوێت دەیان گەنجی وەک هەستیار دروست بکات. بە پێشکەشکردنی چالاکی و خول و سیمیناری جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەم پڕۆگرامە هەوڵدەدات گەنجانی ناوچە لاوەکییەکان نەک تەنها فێر بکات، بەڵکو بیانگۆڕێت بە گۆڕەرانی کۆمەڵگا. پەیامێک بۆ هەموو گەنجێک چیرۆکی هەستیار ڕزگار بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەوەی کە سەرچاوە، زیرەکی سروشتی نییە - بەڵکو هەوڵ وخەباتە. ئەگەر تۆش گەنجێکی خاوەن خەونی، یان هەست دەکەیت تواناکانت سنووردارن ، ئەوا با ئەم چیرۆکە ببێتە ئیلهامێک بۆت: "هەرگیز درەنگ نییە بۆ دەستپێکردن. بچووکترین هەنگاو دەتوانێت ببێتە گەشتێکی مەزن." ڕێز و سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەستیار ڕزگار و هەموو گەنجانی پێنجوێن کە هیوا و بەردەوامی بۆ ئاکامێکی باشتر دروست دەکەن! --------------------
2025-07-10
عیڕاق - سلێمانی - پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی پێنجوێن

چالاکییەکی بێوێنە بۆ پاراستنی ژینگە لە شارۆچکەی پێنجوێن.

٤٤ ئامێری ئاگر کوژێنەوە دەدرێتە ٤٤ گوندی شارۆچکەی پێنجوێن. پێنجوێن- لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پاراستنی ژینگە و بەرگری لە سووتانی دارستان و پاوانی ناوچەکە، ژمارەیەک گوندی شارۆچکەی پێنجوێن بە ٤٤ ئامێری ئاگرکوژێنەوە خەڵات کران. ئەم دابەشکردنە لە چوارچێوەی چالاکییەکی هاوبەشی ژینگەییدا ئەنجام درا کە بە سپۆنسەری پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوو و هاوبەشی ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە ڕێکخرا. مەبەستی سەرەکی: پێشگرتن لە ئاگرکەوتنەوە ئامانجی ئەم هەڵمەتە بریتییە لە: - پاراستنی ژینگە لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە. - بەهێزکردنی تواناکانی گوندنشینان بۆ کاردانەوەی خێرا. - کوژانەوەی هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە لەلایەن خودی گوندنشینانەوە. پشتگیری فێرکاری و ڕێکخراوەیی: ئەم هەنگاوە گرنگە بەشێک لە ستراتێژی پاراستنی ژینگە کە لەلایەن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوو و ڕێکخراوی ملەکەوە پشتگیری دەکرێت، بەمەبەستی دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری لە خۆماڵی لە دژی مەترسی ئاگرکەوتنەوە. ئەم هەوڵە نموونەیەکی باشە لە کارە کۆمەڵایەتییەکانی پاراستنی ژینگە و بەشداری خەڵکی ناوچە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان. ڤیدیۆی هەڵمەتی بەخشینی ٤٤ ئامێری ئاگرکوژاندنەوە
2025-02-06
پێنجوێن

پڕۆژەی دروستکردنی کولانەیەکی گەورە بۆ باڵندەکان، بەتایبەت کۆتری کێوی، لەسەر بینای فەرمانگەیەک لە پێنجوێن.

بەسپۆنسەری پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و بە هاوبەشی ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە کولانەیەکی گەورە بۆ باڵندەکان، بەتایبەت کۆتری کێوی، لەسەر بینای فەرمانگەیەک لە پێنجوێن بەبڕی تێچووی (٢.١٧٢.٠٠٠) دینار دروستکراوە. ئەم هاوبەشییە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ پاراستن و چاودێریکردنی باڵندە سروشتیەکانی ناوچەکە. پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و ڕێکخراوی ملەکەوە پێکەوە کاریان کردووە بۆ دیزاین و دروستکردنی ئەم کولانەیە. کولانەکە بە شێوەیەکی تایبەت و پیشەیی دیزاین کراوە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ نیشتەجێبوون و زاوزێی کۆتری کێوی. ئەمە یارمەتی دەدات بۆ پاراستنی ئەم جۆرە باڵندانە کە لە مەترسی کەمبوونەوە و لەناوچووندان. بەرپرسانی پڕۆژەکە ئاماژە دەدەن کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی پاراستنی جۆراوجۆری سروشتی و ژینگەیی لە شاری پێنجوێن، کە دەرخەری هاوکاری و گرنگیدان بە پاراستنی ژینگەی
2025-01-14
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

لە هەنگاوێکی گرنگدا بەرەو پتەوکردنی پەیوەندی نێوان زانست و کردار..

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، بەهۆی گرنگی و کەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵ لە شارۆچکەی پێنجوێن، ڕێکەوتی ١٤-١-٢٠٢٥ سیمینارێکی گرنگ لەژێر ناونیشانی "کشتوکاڵی بەردەوام: بەرپرسیارێتییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو" لەلایەن دکتۆر محمدخانییەوە پێشکەشکرا. لە سیمینارەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و گەشەپێدانی شێوازی کشتوکاڵی هاوچەرخ کە لەگەڵ ژینگەدا دەگونجێت، پاشان جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کشتوکاڵی بەردەوام تەنها پرسێکی ئابووری نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆ پاراستنی ژینگە و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەم سیمینارە بەشێکە لە هەوڵەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاری پێویست دەربارەی گرنگترین پرسە هاوچەرخەکان، ئامادەبوونی جوتیاران و پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵ، و چەندین کەسایەتییەی دیکەی ناوچەکە دەرفەتێکی باشی ڕەخساند بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان. ئەم کۆبوونەوەیە بووە پردێک لە نێوان زانستی ئەکادیمی و ئەزموونی کردەیی جوتیارانی ناوچەکە، کە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا هەبێت.

هاوبەشەکان