چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

وۆرک شۆپی ژیری دەستکرد و بەکارهێنانی بۆ کارئاسانی زیاتر

پێنجوێن : پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ئەمڕۆ ، شەممە ڕێکەوتی ٤-١٠-٢٠٢٥ وۆرک شۆپێکی تایبەتی لەسەر ژیری دەستکرد و بەکارهێنانەکانی لە بواری پەروەردەدا ئەنجامدا. وۆرک شۆپەکە کە لە کاتژمێر ٩ سەر بەیانییەوە تا ١١ بەردەوام بوو، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستایان و خوێندکاران و خاوەن پیشەکان بەڕێوەچوو. بەشداربووان فێری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد بوون بۆ کارئاسانی لە ئەرکە ڕۆژانەکانیاندا. لەم وۆرک شۆپەدا، بەشداربووان تواناییان بەدەستهێنا کە چۆن تێنووسی پلانی وانە بە خێرایی ئامادە بکەن و ڕاوێژی تایبەت بۆ خوێندکاران دابنێن بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیری دەستکرد. ئالان قەرەداغی، خاوەن ئەزموون و خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە بواری تەکنەلۆژیا، وەک ڕاهێنەری ئەم وۆرک شۆپە بەژداری کرد و زانیاری و ئەزموونی خۆی لەگەڵ بەشداربوواندا هاوبەشی پێ کرد. ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پێنجوێن شاری فێربوون بۆ پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی هاوڵاتییان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێدا هاتووە.
٦ ئەیلوول ٢٠٢٥
کتێبخانەی گشتی پێنجوێن - نهۆمی دووەم

کۆڕی ئەدەبی بۆ بەڕێز (حەمەئەمین) پێنجوێنی بە سەرکەوتوویی لە پێنجوێن بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرزڕاگرتنی پایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی دەڤەری پێنجوێن، کۆڕێکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی شاعیر و سیاسەتمەداری کورد "حەمەئەمین پێنجوێنی" ئەمڕۆ شەممە ٦/٩/٢٠٢٥ لە کاتژمێر ٤ی عەسر لە کتێبخانەی گشتی پێنجوێن بەڕێوەچوو. ئەم بۆنە ئەدەبییە کە لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی پێنجوێن - هۆڵی پێنجوێن شاری فێربوون بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خۆشەویستانی ئەدەب و کەسایەتییەکانی شارەکە بەسەرکەووتوویی ئەنجامدرا. لە چوارچێوەی ئەم کۆڕەدا چەند دەقێکی شیعری لە بەرهەمەکانی بەڕێز (حمەئەمین پێنجوێنی) خوێندرانەوە، کە ئامادەبووان دەرفەتیان بەدەستهێنا کە لەنزیکەوە ئاشنا بن بە جوانییەکانی شیعری ئەم شاعیرە بەناوبانگەی کورد. تایبەتمەندی گرنگی ئەم کۆڕە ئامادەبوونی (دکتۆر بەهمەن تاهیر نەریمان) بوو، پسپۆڕی زمانی کوردی، کە شیکردنەوەیەکی وورد و زانستیانەی بۆ ناوەڕۆک و شێوازی نووسینی بەڕێز (حمەئەمین پێنجوێنی)پێشکەش کرد. شیکردنەوەی ئەکادیمیەکەی دکتۆر بەهمەن ڕۆشنایی نوێی خستە سەر بەرهەمە شیعرییەکانی ئەو شاعیرە بەرزە و گرنگیان لە ئەدەبی کوردیدا. ئەم کۆڕبەندە وەک دەستپێشخەریەکی گرنگ بۆ پەروەردەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گەنجان و خۆشەویستانی ئەدەب لە دەڤەری پێنجوێن دادەنرێت. هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەبوو دەریدەخات کە ویستی گەورە هەیە بۆ بەردەوامکردن و گەشەکردنی چالاکییە ئەدەبییەکان لە ناوچەکەدا.
٢٥ ئاب ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

دەستەی سیروانی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی سەردانێکی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربووندەکەن.

٢٥-٨-٢٠٢٥ لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ بەرەوپێشبردنی کوالێتی خوێندن، دەستەی سیروانی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی سەردانێکی فەرمی بۆ پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوونی ئەنجامدا. ئەم سەردانە بە مەبەستی لە نزیکەوە ناسینی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و کاروچالاکییەکان و پرۆژەکانی ئەم پڕۆگرامە گرنگە ئەنجام درا. ئەندامانی تیمی دەستەی سیروانی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی لە ماوەی ئەم سەردانەدا، دەرفەتیان هەبوو بۆ بەردەوام بوونی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پڕۆگرامەکە و ئاگاداربوون لە دەستکەوت و پێداویستییەکانی پڕۆگرامەکە. هەروەها باسی شێوازەکانی پشتگیری و هاوکاری کرا کە دەتوانرێت لە داهاتوودا پێشکەش بکرێت. ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەنرێت لە ڕێگای پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکان، کە ئامانجی سەرەکی بەرەوپێشبردنی کوالێتی خوێندن و دابینکردنی دەرفەتی باشتری فێربوون بۆ سەرجەم چین و توێژەکان. ئەم هەماهەنگیە بەردەوام و دەبێت بۆ پشتگیری هەر دامەزراوە و لایەنێک و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە بواری پەروەردە و فێربووندا.
٣٠ حوزەیران ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

سیمیناری "چۆن ژیانمان واتادار بکەین؟" لە پێنجوێن بەڕێوەچوو.

لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فێرکردنی بەردەوامی شاری فێربوون، دوو سیمیناری تایبەت لەژێر ناونیشانی "چۆن ژیانمان واتادار بکەین؟" لە شاری پێنجوێن بەڕێوەچوون. ئەم سیمینارە گرنگانە لەلایەن پ.ی.دکتۆر عەبدولفەتاح هەورامیەوە پێشکەشکران، کە بە شارەزایی و ئەزموونی فراوانی خۆیدا بابەتەکەی بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش بۆ بەشداربووان ڕوونکردەوە. ئەم سیمینارانە بەشێک بوون لە پڕۆگرامە فێرکردنییەکانی پێنجوێن شاری فێربوون، کە ئامانجی گەشەپێدانی توانا کەسایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی هاوڵاتیانە. بابەتی "چۆن ژیانمان واتادار بکەین؟" یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکان کە پەیوەندی بە کوالیتی ژیان و دۆزینەوەی مانا و ئامانج لە ژیاندا هەیە. ئەم سیمینارانە تایبەت بوون بە خانمانی بەشداربووی خولی درومانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، کە بەدەرفەتێکی نایابی دەزانین بۆ: - فێربوونی شێوازی نوێی بیرکردنەوە لەسەر ئامانجەکانی ژیان. - باسکردنی ڕێگاکانی دۆزینەوەی مانا لە ڕۆژانەی ژیان. - بەرزکردنەوەی ئاستی خۆناسین و خۆگەشەپێدان. ئەم سیمینارانە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەپێدانی توانا کەسایەتییەکانی ئەو خانمانەی بەشداری خولی درومان دەکەن، کە کاریگەری ئەرێنیدەبێت لەسەر ئاستی فێربوون و پەرەپێدانی کەسایەتییان. link
٢٧ شوبات ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

سیمیناری زاڵبوون بەسەر فشاری دەروونیدا.

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٧-٢-٢٠٢٥، سیمینارێکی تایبەت بە ناونیشانی "چۆن زاڵببین بەسەر فشاری دەروونیدا" لە هۆڵی پێنجوێنی شاری فێربوون ئەنجامدرا. ئەم سیمینارە لەلایەن ڕەنگین نوری، پسپۆڕ و ڕاهێنەری بواری دەروونی، پێشکەش کرا. سیمینارەکە تیشکی خستە سەر ڕێگا نوێیەکان بۆ ناسینی سەرچاوەکانی فشاری دەروونی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی لە ژیانی ڕۆژانەدا. ڕەنگین نوری باسی لە گرنگی کردارەکانی خاوبوونەوە و تەکنیکەکانی هەناسەدان کرد وەک میکانیزمی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی. بەشداربووان چالاکانە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد و پرسیاری جۆراوجۆریان دەربارەی بابەتەکە ئاراستە کرد. لە کۆتاییدا، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لە نێوان ئامادەبووان و ڕاهێنەردا ئەنجامدرا کە تێیدا ئەزموونە کەسییەکان و ڕێگاچارەکان خرانە ڕوو. لە کۆتایدا لەلایەن بۆردی باڵای پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاس و ڕێز بەخشرایە (ڕەنگین نوری) پسپۆڕ و ڕاهێنەری بواری دەروونی.
٢٠ شوبات ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

زیرەکی دەستکرد و داهێنانێک بۆ داهاتوو ..

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، ئەمڕۆ بەرواری ٢٠-٢-٢٠٢٥ ، وۆرکشۆپێکی گرنگ سازکرد سەبارەت بە کاریگەری و گرنگی زیرەکی دەستکرد لە ژیانی داهاتووماندا. وۆرک شۆپەکە لەلایەن بەڕێز (پرۆفیسۆر دکتۆرە نهلە محمد سعید)ەوە پێشکەش کرا کە بەڕێزیان "مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی وتۆیژینەوەی زانستین". لە وۆرک شۆپەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە زیرەکی دەستکرد لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازی و ژیانی ڕۆژانەماندا دروستی دەکات. هاوکات باس لە دەرفەتە نوێیەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد کرا. هەروەها گرنگی ئامادەبوون بۆ ئەو گۆڕانکارییانە و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لەم تەکنەلۆژیا نوێیە دەخرێتە ڕوو. لە کۆتایدا لە لایەن ئەندامی بۆردی باڵای پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاس و ڕێز بەخشرایە بەڕێز(پرۆفیسۆر دکتۆرە نهلە محمد سعید) هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەخوازین.

هاوبەشەکان