
کۆڕی ئەدەبی بۆ بەڕێز (حەمەئەمین) پێنجوێنی بە سەرکەوتوویی لە پێنجوێن بەڕێوەچوو
چالاکیی گشتیی
٦ ئەیلوول ٢٠٢٥
|
کتێبخانەی گشتی پێنجوێن - نهۆمی دووەم
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرزڕاگرتنی پایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی دەڤەری پێنجوێن، کۆڕێکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی شاعیر و سیاسەتمەداری کورد "حەمەئەمین پێنجوێنی" ئەمڕۆ شەممە ٦/٩/٢٠٢٥ لە کاتژمێر ٤ی عەسر لە کتێبخانەی گشتی پێنجوێن بەڕێوەچوو.
ئەم بۆنە ئەدەبییە کە لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی پێنجوێن - هۆڵی پێنجوێن شاری فێربوون بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خۆشەویستانی ئەدەب و کەسایەتییەکانی شارەکە بەسەرکەووتوویی ئەنجامدرا.
لە چوارچێوەی ئەم کۆڕەدا چەند دەقێکی شیعری لە بەرهەمەکانی بەڕێز (حمەئەمین پێنجوێنی) خوێندرانەوە، کە ئامادەبووان دەرفەتیان بەدەستهێنا کە لەنزیکەوە ئاشنا بن بە جوانییەکانی شیعری ئەم شاعیرە بەناوبانگەی کورد.
تایبەتمەندی گرنگی ئەم کۆڕە ئامادەبوونی (دکتۆر بەهمەن تاهیر نەریمان) بوو، پسپۆڕی زمانی کوردی، کە شیکردنەوەیەکی وورد و زانستیانەی بۆ ناوەڕۆک و شێوازی نووسینی بەڕێز (حمەئەمین پێنجوێنی)پێشکەش کرد. شیکردنەوەی ئەکادیمیەکەی دکتۆر بەهمەن ڕۆشنایی نوێی خستە سەر بەرهەمە شیعرییەکانی ئەو شاعیرە بەرزە و گرنگیان لە ئەدەبی کوردیدا.
ئەم کۆڕبەندە وەک دەستپێشخەریەکی گرنگ بۆ پەروەردەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گەنجان و خۆشەویستانی ئەدەب لە دەڤەری پێنجوێن دادەنرێت. هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەبوو دەریدەخات کە ویستی گەورە هەیە بۆ بەردەوامکردن و گەشەکردنی چالاکییە ئەدەبییەکان لە ناوچەکەدا.