Activities

Home / Activities

Activity

Penjwen City of Learning

2026-06-28
پێنجوێن

کۆڕی ناساندنی کتێبی (پێنجوێن گوند و دانیشتوانی)

ئەمڕۆ [یەکشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦]، بەڕێوەچوونی کۆڕی ناساندنی کتێبی (پێنجوێن، گوند و خێزانەکانی؛ ئامار و دانیشتوانی) لە کەشێکی ڕۆشنبیریدا، کۆڕی ناساندن و دابەشکردنی کتێبی (پێنجوێن، گوند و خێزانەکانی؛ ئامار و دانیشتوانی) لە نووسینی نووسەر (عەبدولباقی پێنجوێنی) بەڕێوەچوو. کۆڕەکە بە ئامادەبوونی بەڕێز قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی بەڕێز، ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو. لە کۆڕەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی کتێبەکە لە ڕووی مێژوویی، ئاماری و کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەڤەرەکە، ئەم بەرهەمە نوێیە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئاماری و کۆمەڵایەتی بۆ ناسینی پێکهاتەی خێزانی و گوندەکانی پێنجوێن تەماشا دەکرێت. ئامادەبووانی کۆڕەکە دەستخۆشییان لە نووسەر کرد بۆ ماندووبوون و کۆکردنەوەی ئەم زانیارییە بەپێزانانە، و هیوای بەردەوامییان بۆ خواست لە پەرەپێدانی کایەی ڕۆشنبیری ناوچەکەدا. کەشایەنی باسە لەلایەن بەڕێزا (ژوان باقی )کۆڕەکە بەڕێوەبە برا لە لایەن مامۆستا (عبدالرحمان پێنجوێنی )خوێندێنەوە بۆ کتێبەکە کرا. لە کۆتاییدا کتێبەکە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
2026-06-24
پێنجوێن

پەرەپێدانی تواناکانی خانمان و دروستکردنی سەرکردەی سەرکەوتوو

بەمەبەستی بەهێزکردنی ڕۆڵی خانمان لە کۆمەڵگەدا و ئاشناکردنیان بە لێهاتووییە نوێیەکان، بە سەرکەوتوویی سیمینارێکی تایبەتمان پێشکەش کرد لەژێر ناونیشانی (لێهاتوەکانی سەرکردایەتی کۆمەڵایەتی) بۆ خانمە بەشداربووەکانی خولی خەیاتی. لەم سیمینارەدا بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ، لەوانە: پەرەپێدانی متمانە بەخۆبوون: چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پڕۆژە و کارەکان بە شێوازێکی سەرکردەیی. پەیوەندی کۆمەڵایەتی کاریگەر: دروستکردنی پەیوەندی سەرکەوتوو لەگەڵ دەوروبەر و کڕیاران لە پاشەڕۆژدا. کاریگەری ئەرێنی: چۆنیەتی بوون بە ئەندامێکی کاریگەر و سەرکردە لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا. دەستخۆشی بۆ مامۆستا (ئیراد مەنوچەهر) سەرپەرشتیاریی پەروەردەی و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی لە بواری پەرەپێدانی مرۆیی هیوای سەرکەوتن و درەوشانەوەی بەردەوامی بۆ دەخوازین لە ژیانی پیشەیی و کۆمەڵایەتیاندا.
2026-06-20
پێنجوێن

بەسەرکەوتوویی یەکەم ڕۆژی خولی هاوینەی منداڵان لە (پێنجوێن شاری فێربوون) دەستیپێکرد

پێنجوێن ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە پێناو گەشەپێدانی بەهرە و لێهاتووییەکانی منداڵان و بەکارهێنانی کاتی پشووی هاوین بە شێوازێکی بەسوود، پڕۆگرامی (پێنجوێن شاری فێربوون) یەکەمین ڕۆژی چالاکییەکانی خولی هاوینەی تایبەت بە منداڵانی قۆناغی (١ بۆ ٣)ی بنەڕەتی بەسەرکەوتوویی دەستپێکرد. ئەم خولە کە بە ئامادەکارییەکی تۆکمە و ژینگەیەکی لەبار بۆ فێربوون و یاری ڕێکخرابوو، پێشوازی لە کۆمەڵێک منداڵی بەهرەمەند کرد. لە یەکەم ڕۆژدا، منداڵان بەشداربوون لە چەندین چالاکی جۆراوجۆر کە ئامانجیان دروستکردنی کەشێکی پڕ لە وزە و ئاشناکردنیان بوو بە بەرنامەی خولەکە. منداڵان لەم خولەدا چی فێردەبن؟ بەرنامەی خولەکە بە شێوازێک داڕێژراوە کە هاوسەنگی لە نێوان فێربوون و کاتبەسەربردنی خۆشدا دروست بکات، لە ڕێگەی: زمانی کوردی و نیشتمانپەروەری: بەهێزکردنی بنەماکانی زمان و چاندنی خۆشەویستی نیشتمان لە دڵیاندا. کارامەیی کۆمەڵایەتی: فێربوونی ئادابەکانی ژیان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەر. یاری فکری و مەتەڵ: گەشەپێدانی ئاستی ژیری و هۆشیاری و زیادکردنی سەرنج. وێنەکێشان و هونەر: دەرخستنی بەهرە شاراوەکان و ڕەنگڕێژکردنی خەونەکانیان. وەرزش و چالاکی ناوپۆل: جووڵە و تەندروستیەکی باشتر بۆ منداڵان. زانیاری گرنگ و چۆنیەتی بەشداربوون: ئەم خولە نایابە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت، و وانەکان لە ژینگەیەکی گونجاودا پێشکەش دەکرێن: شوێن: پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم.
2025-01-30
پێنجوێن

بەردەوامبوونی خولی "پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر" بە داخوازی گشتی

وەڵامدانەوە بە پێداویستی فێرخوازان بەهۆی ڕەزامەندی بەرز و داواکاری بەردەوامی دایک و باوکان و فێرخوازانی خولی "پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر"، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بڕیارێکی گرنگی دا. لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم خولە پەروەردەییە، بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەکە بڕیاری درێژەدان بەخولەکەی ڕاگەیاند بە شێوەیەکی هەفتانە. خشتەی نوێی وانەکان لە ئێستادا خولەکە هەفتانە لە ڕۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دەرفەتێکی باشتر بۆ فێرخوازان دابین دەکات بۆ بەشداریکردن لە وانە جیاجیاکان. چالاکییەکانی ڕۆژی هەینی 30-1-2026 لە ڕۆژی هەینی، 30ی کانوونی دووەمی 2026 ئەنجامدرا، دوو وانەی تایبەت و گرنگ پێشکەش بە فێرخوازان کرا: وانەی ئینگلیزی مامۆستا هێمن مەنوچەهر سان ئەحمەد وانەیەکی تایبەت لە بواری زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد، کە تێیدا لایەنە گرنگەکانی پەیوەندی و کاریگەری زمانی ئینگلیزی شیکردەوە. وانەی کۆمپیوتەر مامۆستا ئومێد عومەر ئیسماعیل وانەیەکی پراکتیکی و کرداری لە بواری کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاری ڕاگەیاند، کە بەشێک بوو لە پڕۆگرامی گەشەپێدانی لێهاتووییەکانی فێرخوازان. گرنگی بەردەوامبوونی خولەکە بەردەوامبوونی ئەم خولە پەروەردەییە نیشانەی پابەندبوونی پڕۆگرامی پێنجوێن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بەکوالیتی بەرزە، هەروەها وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنییە بۆ داواکاری کۆمەڵگە لە بواری گەشەپێدانی کارامەیی نەوەی گەنج.
2026-01-17
پێنجوێن

بە سەرکەوتوویی خولی یەک مانگی «پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر» کۆتایی هات

بە سەرکەوتوویی خولی یەک مانگی پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر کۆتایی هات ئەمڕۆ خولی یەک مانگی پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، کە لە چوارچێوەی کار و چالاکییە فێرکارییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ڕێکخرا بوو. ئەم خولە ماوەی یەک مانگ بەردەوام بوو و ئامانجی سەرەکیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و بەشدارییان بوو لە بواری پێگەیاندن و دروستکردنی نەوەیەکی کاریگەر و هۆشیار. لە کۆتایی خولەکەدا، بڕوانامەی بەشداری بە سەرجەم بەشداربوان بەخشرا، هەروەها لەلایەن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوونەوە قەڵغانی سوپاس و پێزانین پێشکەش بە مامۆستای سەرەکی خولەکە کرا مامۆستا (ئالان محێدین قەرەداخی) بۆ هەوڵ و ماندووبوونی و ئاستی بەرزی وانە و ڕاهێنانەکانی. لە هەمان کاتدا، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاڕاستەی سەرجەم ئەو مامۆستا ڕاهێنەرانەدەکات کە لە چوارچێوەی ئەم خولەدا بەشدارییان کردووە و بابەتی تایبەتیان پێشکەش کردووە لە ماوەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژدا، ئەوانیش بریتین لە: دکتۆر سۆران بەها ئاوات محمد مامۆستا هێمن مەنوچەهر سان ئەحمەد پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون پشتگیری و هاندانی چالاکیی فێرکاری و گەشەپێدانی توانای گەنجان بە گرنگترین ئەرکەکانی دەزانێت و بەردەوام دەبێت لە ڕێکخستنی خولی هاوشێوە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی زانای کاریگەر و خزمەتگوزار.

Partners