نەوەی کاریگەر" بۆ پەرەپێدانی توانای لاوان دەستیپێکرد

په‌روه‌رده‌

2025-11-29
|
پێنجوێن

 
پێنجوێن - ٢٩-١١-٢٠٢٥
مامۆستای خول: مامۆستا ئالان قەرەداخی (نوسەری ٢٠ کتێبی زانستی و ئەدەبی) و خاوەنی چەند پڕۆژەیەکی تەکنەلۆژی.
ئەمڕۆ، لە شاری پێنجوێن و لە نێو کتێبخانەی گشتیی شارەکەدا، پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" دەستپێکردنی خولێکی نوێی بە ناوی "پێگەیاندنی نەوەی کاریگەر" ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی گەشەپێدانی توانا زانستی و هزرییەکانی لاوانە.
خولەکە تایبەت کراوە بە تەمەنەکانی ١٢ بۆ ١٨ ساڵ و بڕیارە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام بێت. بەگوێرەی بەرنامەی دانراو، وانەکان هەمەچەشنن و گرنگی بە هەردوو لایەنی تەکنەلۆژیا و گەشەپێدانی مرۆیی دەدەن، دیارترین بابەتەکانیش بریتین لە: (زیرەکی دەستکرد و ئەلکترۆنیات، کۆمپیوتەر، هونەری وتاردان و باوەڕبەخۆبوون، لەگەڵ پڕۆژەی خوێندنەوە و یارییە فکرییەکان).
خولەکە هەفتانە دوو ڕۆژ (هەینی و شەممە) لە کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ تا ٤:٠٠ی عەسر لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتیی پێنجوێن بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە هاوکاتبوونی خولەکە لەگەڵ وەرزی خوێندن، مەبەستی پاراستنی ئاستی زانستی قوتابیان، خولەکە لە کاتی تاقیکردنەوەکانی خوێندنگەکاندا بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و دواتر دەستپێدەکاتەوە.
ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی لاوانی سنورەکە و ئاڕاستەکردنیان بەرەو داهاتوویەکی ڕۆشنتر لە ڕێگەی زانست و مەعریفەوە.

هاوبەشەکان