پڕۆژەکان

سەرەکی / پڕۆژەکان

پڕۆژە

هەنگاوێکی خێرخوازانە بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی لە پێنجوێن

بە ئامادەبوونی بەرێز قایمقامی قەزای پێنجوێن (عەدنان کاکە ڕەش)، ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکان، سەرمایەدارانی نیشتمانیی قەزاکە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەرمک بەڕێز (هێمن ابراهیم) کەمپینێکی نیشتمانی و خێرخوازانە ڕاگەیەندرا بۆ دابینکردنی چەند ئامێرێکی گرنگی تەندروستی (وەک ئامێری مەمۆگرافی و پێداویستییەکانی تر) بۆ نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن. سەرنجی بەڕێزتان بۆ چەند خاڵێکی گرنگ ڕادەکێشین: بێ پارە کۆکردنەوە: ئەم کەمپینە بۆ کۆکردنەوەی پارە نییە، بەڵکو هەر سەرمایەدار و خێرخوازێک کە حەز بکات بەشداری بکات، خۆی ڕاستەوخۆ هەڵدەستێت بە کڕینی ئامێرەکە. لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پێنجوێنەوە، بەرچاوڕوونی و پێویستییەکان دەدرێن بە سەرمایەداران بۆ کڕینی ئامێرەکان، ئەمەش بە هەماهەنگی و لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن. وەک (پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون)، دەستپێشخەریی ئەم پرۆژە خێرخوازانەیەمان کردوە و بە شانازییەوە خۆمان هاوکار و دەستباری پرۆسەکە دەبین بۆ خزمەتکردنی زیاتری شارەکەمان. داواکارین لە هەموو لایەنە دڵسۆز و خێرخوازەکان کە دەتوانن، بەشداری لەم کارە مرۆییەدا بکەن بۆ ئاوڕدانەوە لە باری تەندروستیی نەخۆشەکانمان.

پڕۆژەکان

هەڵمەتی سەوزکردنی پێنجوێن بەردەوامە ...

لە چوارچێوەی چالاکیەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ئەمڕۆ بەرواری ١٧-٣-٢٠٢٤ لە هەڵمەتێکدا بڕی (٦٠٠) نەمامی تو کە لەلایەن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوونەوە دابینکرابوو، لەسەر ڕێگەی گوندی مەسۆ و هەڵاڵاوا لە لایەن گروپی نەمام و چەندین کەسایەتی خۆبەخشی ناوچەکە و دانیشتوانی گوندەکانی مەسۆ و هەڵاڵاوا ڕوێنران، شیاوی باسە تاکو ئێستا لە قەزای پێنجوێن بڕی زیاتر لە ٣٠٠٠٠ سی هەزار نەمام بە چەند هەڵمەتێک و لەماوەی نزیکەی چوار ساڵدا ڕوێنراوە ... هەر لێرەشەوە ڕای دەگەیەنین کە ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و وەک مژدانەیەکیش بۆ دانیشتوانی قەزای پێنجوێن ڕایدەگەیەنین کە ان شاء اللە لە ئایندەدا هەزاران نەمامی دیکە لەدرێژەی چالاکیەکانماندا دەڕوێنین، بەمەبەستی زیاتر سەوز کردن و خزمەتکردنی ژینگەی ناوچەکەمان... سوپاس بۆ گروپی نەمام و ڕێکخراوی ملەکەوە و سەرجەم بەشداربووانی ئەم کارە پیرۆزانە...

هەڵمەتی ناشتنی زیاتر لە (٣٠٠٠) نەمام

زیاتر لە ٢٥ هەزار نەمام لەپێنجوێن ڕوێنراوە، یەکێک لەگەورەترین پڕۆژەکانی نەمام ناشتن لە بەرواری ٣٠/١١/٢٠٢٣ لەپێنجوێن بەڕێوەچوو بەئامادەبوونی قایمقام وزۆرێک لەبەڕێوەبەری دامودەزگا ئیدارییەکان وڕێکخراوە ژێنگەدۆستیەکان، پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوون بەهاوکاری ڕێکخراوی نەمام ،بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە(٣٠٠٠) نەمامیان ڕواند. سوپاس بۆ سەرجەم دام دەزگاکان کە هاوکارێکی باشمان بوون وە بەتایبەت سەرپەریشتیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باشماخ بە دەمەوە هاتنوو پشتگیریەکی زۆری هەبوو بۆ ئەم پڕۆژەیە بەو پەڕی خەمخۆری توانایەوە هاوکارمان بوو شیاوی بیرهێنانەوەیەوە کە لەماوەی 5ساڵی رابردودا زیاتر لە 25 هەزار نەمام ڕەوێنراوە. هاوکات ئەوەی ئەم هەڵمەتە جیادەکاتەوە لە هەڵمەتەکانی پێشوتری نەمام ناشتن ئەوەیە بڕێکی زۆر لەو نەمامانە بەناوی کەسایەتیە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و جیهانەوە ڕوێندرا و لەلایەن ئەندامێکی هەڵمەتەکەوە پێشکەشی کەسایەتیەکە کرا.

نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی شلێر لە پێنجوێن لە (2023/10/13 ) ئیش وکارەکانمان دەست پێکرد کە ١٩ ژوور بوو ۱۲پۆل و ٤ژ.ئیدارە و ۱ ژ.گەنجینە و ۱ ژ.پاسەوان و ۱.ژ چایخانە، لە ئێستادا بووە بەخوێندنگای سێکوانی ئێواران. بەم شێوەی خوارەوە کارەکانمان ئەنجامدا. ١- چونکە ئەم قوتابخانەیە شیاو نەبوو بۆ خوێندن کرابوو بە گەنجینەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن بۆیە دەستپێکی ئیشەکان لابردنی هەموو ئەو ڕەحلەو مێزو کورسی و کتێب و شتومەکانەی ناو هەموو ژوورەکان بوو وەبردنیان بۆ قاتی دووەمی قوتابخانەکە. ٢- دەرهێنان و لابردنی پەنچەرەی ئاسنی هەموو ژوورەکان ( هەرژوورێک ۲ پەنجەرەی هەبوو) وەدەرهێنانی پەنجەرەو دەرگای ئاسنی توالێتەکان و شکاندنی کۆنکرێتی ئەرزیەکەی و لابردنی بۆری ئاو و ئاوەڕۆکان بەکاملی. ٣- نزمکردنەوەی دیواری پەنچەرەی ژوورەکان بەنزیکەی ٦۰سم چونکە بەرزبوون دەرەوە نەدەبینرا ژوورەکان تاریکبوون ،وە دیوارەکە بەردبوو نزیکە ٥۰سم پان بوون. لەبغ کردنەوە و گەچکاریکردنی دیواری پەنجەرەکان و دەرگاکان ، دانانی پەنچەرەی پلاستیک لەجێی هەموو پەنجەرە ئاسنەکان ،هەروەها دیواری ناوپۆلەکان و ڕاڕەوی قوتابخانەکە کە گەچەکەی خراپ بووبوو گەچکاری کرا. ٤- دانانی بۆری ئاو و ئاوەڕۆ بۆ هەموو توالێت و ئاوەڕۆی سەربان و ئەو شوێنانەی کە پێویست بوون وەدەرکردنی ئاوەڕۆکانە بۆ سەر زێرابی صنوقی، وەکاشیکردنی ئەرزی ناو توالێت و ڕاڕەوکانیان ، دانانی دەرگای پلاستیک بۆ یان ،دانانی بەلوعەی ساردو گەرم بۆیان و وە ئەوشوێنانەی کەپێویست بوو هەروەها دانانی ٤ مغسل وە دوو بۆیلەر ،هەروەها دانانی تەنکی ئاوی تازەو وە بەستنی ئاوی ڕەئیسی و بیر لێی وە دانانی تٲسیسی ئاو بۆ ئەوجێگایانەی پێویست بوون، ٥- شۆردن و پاککردنەوە و بۆیاخکردنی هەموو دیواری ژوورەکان و ڕاڕەوو و دیواری دەرەوەو دیواری حەوشە. ٦- دانانی دەرگا بۆ هەموو پۆلەکان وژووری پاسەوان و گەنجینەو وە دووچامخانە بۆ هاتنە ژوورەوەی خوێندکاران و دوو چامخانە بۆ چونە سەرەوە بۆ قاتی دوو. ٧- لابردنی پلاک و سویچ پلاک و وایەرو جۆزەی خراپ و قاعیدەی هەمووگڵۆپەکان ، سەرلەنوێ دانانەوەی پلاک و سویچ پلاک و وایەر و قاعیدەی گڵۆپ و گڵۆپ و جۆزەو صندوقی جۆزە و دانانی بۆرد و ڕاکێشانی کارەبا بۆناو بۆردەکە وە دانانی پلاجکتۆر بەچواردەوری حەوشەکە. ٨- چاککردنی حەوشەی قوتابخانەکە و کۆنکرێتکردنی چواردەوری بیناکەو ڕەڕەوی حەوشەکەو ناو باخچەکە ، کە ۷٥م مربع کۆنکرێتی پێویستبووە. ۹-دیوارکردنی ئەوشوێنانەی کەپێویست بوون لەناو حەوشەکەداو جیاکردننەوەی حەوشەی دواوەوە لە قوتابخانەکە وەدانانی دەرگا تیایدا، وە بەرزکردنەوەی بەشێکی دیواری حەوشە ڕووی دەرەوە و لەبغکردنی . ۱۰- دروستکردنی دەرگای حەوشە بۆقوتابخانەکە و تابلۆی قوتابخانەکە، وە تێکردنی شووشە بۆ هەموو پەنجەرەو چامخانەکان و چەندتەبەقێک شووشە بۆ قاتی سەرەوە، ئیزوگام کردنی ئەو شوێنانەی کە پێویست بوو. ۱۱- لەبەشی دواوەوەی قوتابخانەکە چەندژوورێک هەیەکەفەرمانبەرانی گەنجینەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێنی تێدایە جونکە قاتی سەرەوە گەنجینەی پەروەردەیە چاککردنی بەشێکی کارەباکەیان و بۆیاخ کردنی ڕاڕەوەکەو ڕوخاندنی دیواری حەوشەکە و دروستکردنەوەی و لبغ کردن و بۆیاخکردنی وەدروستکردنی دەرگای حەوشەو و کۆنکرێت کردنی حەوشەکە بۆیان. بڕی تێچووی پڕۆژەکە 53,345,000 پەنجاو سێ ملیۆن و سێ سەدوو چل و پێنج هەزار دینارە -بۆخوێندنی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ خوێندنگای سێکوانی ئێواران سودمەندبوون لێی هەندێک لە ئیش و کارەکانی هاوینی ٢٠٢٤ تەواو کرا.

خاوێنکردنەوەی سەیرانگای گۆڵێ

گوفتارەکانمان دەکەینەکردار .. سروشتی جوانی کوردستان خاوێن دەکەینەوە ڕۆژی هەینی بەرواری ٧/٩/٢٠٢٣ هەڵمەتی پاککردنەوەی سەرانگای گۆڵێ لەلایەن (کەمپەینی جوانی کوردستان) بەسپۆنسەری پڕۆژەی (پێنجوێن شاری فێربوون) بەڕێوەچوو شیاوی باسە ئەم کەمپەینە لەلایەن لەکۆمەڵێک گەنجی دڵسۆزی خۆبەخشەوە ئەنجام دەدرێت کە ئامانجیان پاککردنەوە و خاوێن ڕاگرتنی سروشتی جوانی کوردستانە، ئێمەش بەئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین وەک چالاکیەکی پڕبایەخ پشتگیری ئەم گەنجە خۆبەخشە بەڕێزانە و سەرجەم هاونیشتمانیانی خۆشەویست بکەین، هاوکات بەپێویستی دەزانین هەوڵی جێبەجێکردنی خول و سیمینارەکانی پڕۆژەکەمان بدەین بە کرداری و لەسەرجەم سێکتەرە جۆرا و جۆرەکانی ژیاندا ڕۆڵ بگێرین لە بەرەوپێشبردنیان، هاوکات خاوێنکردنەوە و پاکڕاگرتنی ژینگەش بکەینە کەلتور لە شارۆچکەی پێنجوێن و هەرێمی کوردستان... لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی ستافی خۆشەویستی (کەمپەینی جوانی کوردستان) دەکەین.

هاوبەشەکان