دەستپێکی ڕواندنی ٣٠ هەزار نەمام


ژمارەیەک نەمام گەیشتن و دەست بەڕواندنیان کرا.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕواندنی ٣٠ هەزار نەمامدا؛ وەک قۆناغێکی کرداری نەمامەکان گەیشتنە پێنجوێن و پرۆسەی چاندنیان دەستی پێکرد
لە هەنگاوێکی گرنگ و ژینگەدۆستانەدا بۆ سەوزپۆشکردنی ناوچەکە و لە دەستپێکی هەڵمەتی فراوانی ڕواندنی ٣٠ هەزار نەمامدا، ئەمڕۆ وەک قۆناغێکی کرداری نەمامەکان گەیشتنە سنوری قەزای پێنجوێن و دەستبەجێ دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، لە لایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە دەست بە چاندنی ئەو ژمارەیەی نەمامەکان کرا.
ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی و بەشداریی کارای سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەکانی ڕواندنی نەمام، هاوشانی سەرۆکایەتی شارەوانیی پێنجوێن و شارەوانییەکانی هەردوو ناحیەی ناڵپارێز و گەرمک بەڕێوەچوو، کە بە ڕۆحیەتێکی پڕ لە دڵسۆزییەوە پێشوازییان لە گەیشتنی نەمامەکان کرد و پلانەکەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە دەستخۆشییەکی گەرم لە سەرجەم تیمە مەیدانییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان و خۆبەخشان و فەرمانبەرانی ماندوونەناسی شارۆچکەی پێنجوێن و هەردوو ناحیەی ناڵپارێز و گەرمک دەکرێت بۆ ئەم ماندووبوون و دڵسۆزییەی لە پێناو سەرخستنی ئەم هەڵمەتەدا دەینوینن، بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و بەخشینی سیمایەکی سەوز و ناوازە بە تەواوی ناوچەکە.
 

Partners