دەستپێکردنی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی
Education
2026-09-17
|
پێنجوێن
دەستپێکردنی فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی؛ سەکۆیەک بۆ ساغکردنەوەی ڕەنجی جوتیاران
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نێو سروشتی دڵگیری پێنجوێن و لە «پارکی لازۆ»، کارەکانی «فیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بۆ بەروبوومی ناوخۆیی» بە فەرمی دەستی پێکرد. فیستیڤاڵەکە وەک هەنگاوێکی گرنگ دێت بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی دەڤەرەکە، بە بازاڕکردنی ڕەنجی دەستی جوتیاران و ناساندنی زیاتری بەرهەمە دەوڵەمەندە خۆماڵییەکان.
ئەم کەرنەڤاڵە کشتوکاڵییە بە سەرپەرشتی قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێن و بە بەشداریی کارای چەندین دامودەزگای حکومی، ڕێکخراوی ژینگەیی و مەدەنی بەڕێوەدەچێت. پڕۆگرامی «پێنجوێن شاری فێربوون» وەک هاوبەشێکی سەرەکی ڕۆڵ لە ڕێکخستنی فیستیڤاڵەکەدا دەبینێت، کە بە ئامادەبوونی زانا ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکە، کارەکانی دەستپێکرد.
لایەنە بەشدار و هاوبەشەکان:
سەرۆکایەتی شارەوانی پێنجوێن
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن
هۆبەی ڤێتێرنەری پێنجوێن
پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون
ڕێکخراوەکانی: ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، جوتیارانی ئەفرێنەر، سەلامەتی خۆراک، و گروپی درەخت
چالاکییەکانی فیستیڤاڵ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ (١٧ تا ١٩ـی ئەیلوول) بەردەوام دەبێت، کە تیایدا کۆمپانیای «الاطلس الاصيل» سپۆنسەری دارایی و «دەزگای میدیایی کوردسات» سپۆنسەری میدیایی لە ئەستۆ گرتووە. فیستیڤاڵەکە دەرفەتێکی پڕبایەخ دەڕەخسێنێت تا هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕاستەوخۆ لە جوتیارانەوە بەرهەمە سروشتی و ناوخۆیییەکان بەدەستبهێنن.