چالاکیی گشتیی
2026-06-09
|
لە پێنجوێن خولێکی تایبەت بە پەرەپێدانی تواناکان بۆ فەرمانبەرانی قەزاکە بەڕێوەچوو.
پێنجوێن، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی پڕۆگرامی نیشتمانیی "پێنجوێن شاری فێربوون" و بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی و گەشەپێدانی بەردەوامی لێهاتووییەکان، خولێکی بەپێز و تایبەت بە پەرەپێدانی تواناکان بۆ فەرمانبەرانی دامودەزگا حکومییەکانی قەزای پێنجوێن بەڕێوەچوو.
خولەکە لەلایەن پسپۆڕ و گەشەپێدەر (پڕۆفیسۆر دکتۆر عبدالفتاح هەورامی)ـەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا بەشێوازێکی زانستی و هاوچەرخ تیشکی خستە سەر نوێترین تەکنیکەکانی کارگێڕی، بەڕێوەبردنی کات، و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان بە کوالیتییەکی بەرزتر.
> ناونیشانی بابەتەکە:
> "داهێنانی کارگێڕی و ستراتیژییەکانی پەرەپێدانی مرۆیی لە دامەزراوە حکومییەکاندا"
ئەم خولە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرمانبەرانی فەرمانگە جیاجیاکانی پێنجوێن بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئامادەبووان بەشدارییەکی کارایان کرد لە ڕێگەی گۆڕینەوەی سەرنج و پێشنیازەکانیان بۆ چۆنیەتی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی کارایی دامەزراوەکانیان.
ئەم جۆرە چالاکییانە بەشێکن لە دیدگای درێژخایەنی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار کە تێیدا زانیاری و لێهاتوویی بەردەوام نوێ بکرێنەوە، لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە.