سیمینارێکی تایبەت بە پاراستنی گیا بەهارییەکان لە پێنجوێن بەڕێوەچوو
ژینگه و کشتوکاڵ
2025-03-17
|
پێنجوێن
سیمینارێکی تایبەت بە پاراستنی گیا بەهارییەکان لە پێنجوێن بەڕێوەچوو
پێنجوێن - ئەمڕۆ سێشەممە (١٧ی ئازاری ٢٠٢٦)، لەپێشوازی وەرزی بەهاردا سیمینارێکی هۆشیاریی ژینگەیی لەژێر ناونیشانی "چۆن پارێزگاری لە گیا بەهاری و خۆراکییەکان بکەین؟" لە هۆڵی پڕۆگرامی (پێنجوێن شاری فێربوون) لە کتێبخانەی گشتیی شارۆچکەکە بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە کە بە هەماهەنگی لە نێوان پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" و "ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە" ڕێکخرابوو، لەلایەن ڕێبوار کەمال، سەرۆکی ڕێکخراوی ملەکەوە پێشکەش کرا.
لە سیمینارەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگیی بەکارهێنانی زانستییانەی گیا بەهارییەکان و ڕێگریکردن لە هەڵکێشانی ڕەگی ئەو گیایانەی کە سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکی و ئابوورین بۆ دانیشتووانی سنوورەکە. بەهۆی دەوڵەمەندیی کوێستانەکانی پێنجوێن بە ڕووەکی دەگمەن، چالاکییەکە جەختی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە:
بڵاوکردنەوەی کولتووری دروستی لێکردنەوەی گیاکان.
پاراستنی فرەچەشنیی زیندەیی لە کوێستانەکاندا.
هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسیی لەناوچوونی ئەم سامانە نەتەوەییە.
سیمینارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دۆستانی ژینگە و هاوڵاتیانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، بە ئامانجی ئەوەی پێکەوە کار بۆ پاراستنی ژینگەی پێنجوێن بکرێت.