
دیداری پێنجوێن شاری فێربوون
٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٤ - ١:٣٠ پاش نیوەڕۆ
|
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی پێنجوێن - نهۆمی دووەم.
دیدارێک بەمەبەستی هەنگاونانی پێنجوێن بەرەو یونسکۆ و بەشداری سەرکەوتووانە لە کۆنگرەی شارە فێربوونەکانی جیهان.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٥-١٢-٢٠٢٤ لەدیدارێکدا کە بە ئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و قائمقامی قەزای پێنجوێن و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و نوێنەری فەرمانگە حکومی و حیزبی و چین و توێژە جیاجیاکانی قەزاکە دیدارێکی گرنگ و ئامانجادار ئەنجامدرا،
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی شاری پێنجوێن بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تۆڕی شارە فێربوونەکانی یونسکۆ ، شاندێکی باڵای پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بەشداری لە کۆنگرەی شەشەمی شارە فێربوونەکانی جیهان کرد کە لە شاری جوبەیلی سعودیە بەڕێوەچوو.
شاندی پێنجوێن لەم کۆنگرەیەدا خستیانە ڕوو کە شارەکەیان خاوەن پێگە و پێشینەیەکی گەورەیە لە بواری پەروەردە و فێرکردن و ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی گۆڕینەوەی ئەزموون و شارەزایی لەگەڵ شارە فێربوونەکانی جیهان.
جێی باسە، ئەندامبوونی پێنجوێن لە تۆڕی شارە فێربوونەکانی یونسکۆ دەبێتە هۆی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە شارەکەدا و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لەم بوارەدا.
بەم شێوەیە، پێنجوێن هەنگاوێکی گرنگی ناوە بەرەو ئاستی نێودەوڵەتی و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە یەکێک لە شارە فێربوونەکانی سەر بە ڕێکخراوی یونسکۆ.