چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2026-06-18
پێنجوێن

سێ ساڵ لە خزمەت و خەبات و فێربوون..

ئەمڕۆ کە یادی سێ ساڵەی دەستبەکاربوونی "پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون" (لە ١٨-٦-٢٠٢٣ تا ١٨-٦-٢٠٢٦) دەکەینەوە، شانازی بەو ڕێچکە پڕ لە دەستکەوتە دەکەین کە بە پشتیوانی خوای گەورە و پاشان ئێوەی ئازیز بڕیومانە. لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا، تیمەکەمان بە دڵسۆزییەوە کاری کردووە بۆ ئەوەی پێنجوێن بکەینە ناوەندێکی گەشەسەندووی فێربوون و خزمەتگوزاری. بە ئەنجامدانی ٢٥٧ چالاکی جۆراوجۆر، توانیومانە بگینە دڵی ١٠,٠١١ سوودمەند لە سەرانسەری ناوچەکەدا. بەشێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی ئەم سێ ساڵە: ژینگە: ڕواندنی زیاتر لە ٤٠ هەزار نەمام بەسەرپەرشتی گروپی درەخت. پەروەردە: نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەیەکی چۆڵکراو. دابینکردنی تەواوی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بۆ ئامادەیی ڕێچکەی تێکەڵاو. چالاکییەکان: سەرکەوتنی ٧٨ سیمینار (وەک باوترین شێوازی پێشکەشکردن)، ٤٤ خول، ٢٠ کۆبوونەوە، ١٤ کۆڕ و زیاتر لە ١٠١ چالاکی تری جۆراوجۆر. دابەشبوونی چالاکییەکان بەپێی سێکتەرەکان: ١. پەروەردەیی: ٦٦ چالاکی (٤,٠٣٠ سوودمەند). ٢. ژینگەیی: ٤٣ چالاکی (١,٦٠٢ سوودمەند). ٣. تەندروستی: ٣٤ چالاکی (١,٥٢٠ سوودمەند). ٤. گشتی و گەشەپێدان: ٥٦ چالاکی (١,٣٠٤ سوودمەند). ٥. پیشەیی: ٢٠ چالاکی (٧٥٠ سوودمەند). ٦. هونەری: ١٢ چالاکی (٤٠٣ سوودمەند). ٧. کارگێڕی: ٢٦ چالاکی (٤٠٢ سوودمەند). سوپاسی بێ پایانی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەم سێ ساڵەدا متمانەیان پێ بەخشیوین. ئێمە لە "پێنجوێن شاری فێربوون" بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ داهاتوویەکی گەشتر.
2026-06-18
پێنجوێن

ئامار و داتاکانی "پێنجوێن شاری فێربوون" لە سۆشیاڵ میدیا

بۆ ئەوەی بە ڕوونیەوە لەگەڵتان بین، ئەمڕۆ ئامارە دیجیتاڵییەکانی پلاتفۆرمەکانمان و چالاکییەکانمان لە ماوەی ڕابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە دەخەینە ڕوو: ١. ئاستی گەیشتن و شوێنکەوتووان (بەپێی سەکۆکان): فەیسبووک (پەیج): ۱۸۱,۰۰۰ شوێنکەوتوو - ۲,۳۰۰ پۆست/ڤیدیۆ. فەیسبووک (ئەکاونت): ۹,۰۰۰ شوێنکەوتوو - ۱,۲٤۳ پۆست/ڤیدیۆ. تیکتۆک: ۱۹,۰۰۰ شوێنکەوتوو - ۱,٤۷۰ پۆست/ڤیدیۆ. ئینستاگرام: ٤,۷٤۳ شوێنکەوتوو - ۱,۱۱۲ پۆست/ڤیدیۆ. یوتیوب: ۳,۷٤۰ سەبسکرایبەر - ۱۸۰ ڤیدیۆ. ٢. چالاکیی گشتی: بە کۆی گشتی زیاتر لە ٦,۰۰۰ پۆست و ڤیدیۆ لە سەرجەم پلاتفۆرمەکاندا بڵاوکراونەتەوە، کە بریتین لە: ۲,۳۰۰ لە پەیجی فەیسبووک ۱,۲٤۳ لە ئەکاونتی فەیسبووک ۱,٤۷۰ لە تیکتۆک ۱,۱۱۲ لە ئینستاگرام ۱۸۰ لە یوتیوب تێبینی: ئێمە بەردەوامین لە ئامادەکاری بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانمان لە یوتیوب و ئینستاگرام بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و ناوەڕۆکی زیاتری پەروەردەیی و فێرکاری. سوپاس بۆ متمانە و بەردەوامیی ئێوە، کە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەن.
2025-11-08
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

هاوبەشییەکی نوێ بۆ داهاتوویەکی سەوزتر

پێنجوێن شاری فێربوون ٨-١١-٢٠٢٥ - لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پەروەردەیەکی بەردەوام و ژینگەپارێز، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون دەستی هاوبەشی بەرفراوان درێژکرد بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردی ئەمریکی (KAFS)، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی تایبەتدا کە ئامانجی پەرەپێدانی پەروەردەی کشتوکاڵی و ژینگەدۆستی لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە. ئەم هەوڵەدا تیشک خراوەتە سەر گرنگی پەروەردەی ژینگەیی و چۆنیەتی گەیاندنی بیرۆکەی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە سروشت بۆ نەوەی داهاتوو. کە بە ڕێباز و شێوازێکی زانستی دروست و ژینگەدۆستی و ژیاندۆستی جێبەجێدەکرێت، وەک پردێک دەبێت بۆ بەستنەوەی فێربوون بە ژیانی ڕۆژانە. پڕۆگرامی پێنجوێن، بە پشتگیری و پشتیوانی تەواوی خۆیەوە، ڕێگە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشییانە خۆش دەکات. لە کۆتایی کۆبوونەوە فەرمییەکەدا، لایەنەکان بەڵێنیان دا کە پڕۆژەی پەروەردەی ژینگەیی، بە هاوکاری و هاوبەشی هەردوو لایەن، لە قۆناغی کوفتارەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنی ڕاستەقینە.
2025-11-05
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

پڕۆگرامی پێنجوین شاری فێربوون، پێشوازی لە وەفدێکی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی کرد.

بەئامادەبوونی بەڕێزان قایمقامی قەزای پێنجوین، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوین، و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیاران و بەرپرسان وخۆبەخشانی پڕۆگرامی پێنجوین شاری فێربوون پێشوازی کرا لە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ . وەفدەکە بەسەرپەرشتی دکتۆر علی کامل لە فەرمانگەی نێردەری پەیوەندییە کلتورییەکان و بە هاوڕێیەتی دکتۆر عەدنان و دکتۆرە زەینەب . لە دانیشتنێکی ڕاوێژکاریدا کە لەگەڵ تیمی پڕۆگرام و خۆبەخشەکان دا ئەنجامدرا، تیایدا گفتوگۆ لەسەر گرنگترین چالاکیی و بۆنەکان کرا کە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا جێبەجێکراون، کە ڕۆڵیان لە بەهێزکردنی پەروەردە و گەشەپێدانی ناوخۆییدا هەبووە. لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەفدی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن بەرپرسانی پڕۆگرامەکەوە دەدرێت، بەهۆی ئەو دەستکەوتە تایبەتانەی کە بەدەستهاتوون ، بەشدار دەبن لە گەشەپێدانی بواری مرۆیی و پەروەردە لە قەزای پێنجوێن. هەروەک وەفدی وەزارەت جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی گشتگیرکردنی ئەم ئەزموون ونمونەیە لە ناوچەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق. پاشان بە سەردانێکی فەرمیی قائمقامییەتی پێنجوێن، کۆتایی بە سەردانی وەفدەکە بۆ شارۆچکەی پێنجوێن هات. سوپاسی تایبەت بۆ هەموو ئەوانەی بەشدار دەبن لەپێشخستنی پێنجوین تاببێت بە نموونەیەکی شایانی خوازراو لە پەروەردە و گەشەپێدان!
2025-01-25
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

کاری ئەمڕۆ مەسپێرە بە سبەی..

(دەرمانێکی کاریگەر بۆ دەردێکی درێژخایەن). ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٥-١-٢٠٢٥ لە پێنجوێن - سیمینارێکی گرنگ و پەروەردەیی سەبارەت بە دەرمانی کاردواخستن بەڕێوەچوو، کە تیایدا (گەشتیار غەریب)، کە خاوەنی چەندین نوسین و کتێبی وەڕگێردراوی بواری مامەڵە و بزنسە لە سێکتەرە جیاجیاکانی ژیاندا، باسی دەرمانی کاردواخستنی لە بوارە پەروەردەیی و بزنسییەکان کرد. بەشداربووان زانیاری بەسوودیان لەسەر ئەم بابەتە گرنگە وەرگرت. لە سیمینارەکەدا چەمکەکانی دواخستن و کاریگەرییەکانی لە بوارەکانی پەروەردە و بزنسدا شیکرانەوە. بەشداربووان دەرفەتی ئەوەیان بوو پرسیار بکەن و زانیاری زیاتر وەربگرن. کاری ئەمڕۆ مەسپێرە بە سبەی ... (دەرمانێکی گرنگە بۆ دەردێکی درێژخایەن). ئەم چالاکییە بەشێک بوو لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی زانست و ئەزموون لە بوارەکانی پەروەردە و بزنسدا. لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی بەڕێز گەشتیار غەریب و زێوەر غەریب کرا کە خاوەنی بزنسێکی گرنگ و سەردەمیین بەناوی (کارسازی شادمان)، کە لەبواری ڕاوێژ و پەرەپێدانی بزنسدا کاردەکەن.
2023-11-02
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

خولێکی کارگێڕی ئەنجامدرا بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی پێنجوین ئەنجامدرا.

زیرەکی سۆزداری و کاریگەریەکانی لەبواری بەڕێوەبردندا.. لە کاتێکدا زۆربەی بەڕێوەبەران و کارمەندان گرنگی بە لێهاتوویی تەکنیکی دەدەن، دوو کەسایەتی دیاری بواری دەروونناسی و کارگێڕی، پ.ی.د. محمدی خانی و پ.ی.د. عبدالفتاح هەورامی، لە سیمینارێکی تایبەتدا پەردەیان لەسەر نهێنی سەرکەوتنێکی گەورەتر لادا - زیرەکی سۆزداری. لەم سیمینارە دەوڵەمەندەدا، کە وەک پردێک وابوو لە نێوان زانست و هونەری بەڕێوەبردندا، بەشداربووان فێری ئەوە بوون چۆن هەستەکانیان بەشێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و داهێنان لە ژینگەی کارکردندا." تێبینی : سوپاسی بێ پایان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بوون و هەمووکات بەدەم خزمەتی زیاتری کەرتی پەروەردەوەبوون هاوکاتیش پاڵپشتیەکی گەورە و کاریگەری پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوونن.

هاوبەشەکان