چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2025-05-08
پێنجوێن - دواناوەندی سێکوانی ئێوارانی تێکەڵاو

دوای ساڵانێک لە چۆڵکردنی لەسەر ئەرکی پێنجوێن شاری فێربوون قوتابخانەیەک لە پێنجوێن نۆژەندەکرێتەوە.

پێنجوێن - ٨ی ئایاری ٢٠٢٥ ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی تایبەتدا، قوتابخانەیەکی چۆڵکراوی قەزای پێنجوێن کە ماوەیەک بوو بەکارنەهێنرابوو، بەهۆی کۆنی بیناکەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە، بە فەرمی کرایەوە وەک دواناوەندی سێکوانی ئێواران. لە مەراسیمی کردنەوەکەدا، سەرپەرشتیارانی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" لەگەڵ قائمقامی قەزای پێنجوێن و بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن و ژمارەیەک لە کەسایەتی ناوچەکە ئامادەبوون و لەسەر گرنگی ئەم هەنگاوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی خوێندن لە ناوچەکە جەختیان کردەوە. بەڕێوەبەری پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە، هەنگاوێکی گرنگمان نا بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی خوێندن بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن. بەم هەنگاوە، ئێمە توانیمان بینایەیەکی چۆڵکراو بگەڕێنینەوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا." شایانی باسە کە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە چەندین مانگی خایاندووە و تێیدا هەموو پێداویستییەکانی خوێندن دابین کراون. جێی ئاماژەیە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران و فێرخوازان شارۆچکەی پێنجوێن سودمەند دەبن لەم دواناوەندییە . لەلایەن سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەی پێنجوێن قەڵخانی سوپاس و ڕێز بەخشرایە پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون
2025-05-08
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

چەند خوێندکارێکی لێهاتوو و مامۆستا دڵسۆزەکەیان لە لایەن پێنجوێن شاری فێربوونەوە خەڵات دەکرێن..

لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا، خەڵاتی سوپاس و پێزانینی "پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون" بەخشرایە مامۆستای لێهاتوو دڵسۆز (هیوا مصطفی مصطفی) کە ڕاهێنەر و ڕابەرایەتی چەند خوێندکارێکی لێهاتوو و لێزان و زانای کردوە لە پێشبڕکێیەکی تایبەت بە خوێندکاران لەبواری دیبەیت و وتاربێژیدا بەناونیشانی (پێشبڕکێی کوردستان دیبەیت) کە لەکۆتایی پێشبڕکێکەدا ئاستێکی زۆر بەرزیان لە هەولێری پایتەخت بەدەست هێنا، هاوکات خەڵاتی سوپاس و پێزانینیش پێشکەشی هەریەکە لە خوێندکارانی ئامادەیی پێنجوێنی تێکەڵاو کرا ئەوانیش بەڕێزان: ١- سۆزی کەمال ئەحمەد ٢-هەدیە کەیوان ٣-هەستی علاء الدین ؤوف بۆ سەرکەوتنی بەرچاویان لە پێشبڕکێی کوردستان دیبەیت. کەبە توانا و بە لێهاتوویی و بەهرەی تایبەتیانەوە لە بەرامبەر نوێنەرانی چەندین قوتابخانەی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. ئەم دەستکەوتە نموونەیەکی درەوشاوەیە لە توانای لاوانی کوردستان لە بواری دیبەیت و گفتوگۆی زانستیدا. لە کۆتاییشاد زۆر سوپاسی خوێندنگەی ئامادەیی پێنجوێنی تێکەڵاودەکەین بۆ هەوڵ و ماندوبونەکانیان.
2025-02-03
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

دەستپێکردنی خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە پێنجوێن

پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون خولێکی یەک مانگەی تایبەت بە نەهێشتنی نەخوێندەواری تایبەت بە وانەکانی کوردی و بیرکاری کردەوە. ئەم خولە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی نەخوێندەواری لە ناوچەکە و پەرەپێدانی ئاستی زانستی و خوێندەواریی هاوڵاتیان. بەشداربووان لەماوەی یەک مانگدا دەتوانن کارامەیی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی و ئاستی بیرکاریی خۆیان باشتر بکەن. پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بەردەوامە لە کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری و پەروەردە لە ناوچەکەدا، بە دابینکردنی خولی جۆراوجۆر بۆ تاکەکان. ئەم هەنگاوە نیشاندەری گرنگیدانی بەرپرسانی پڕۆگرامەکە بە پەروەردە و فێرکردنی هاوڵاتیانە، بەتایبەت ئەوانەی دەرفەتی خوێندنیان لە تەمەنی پێشووتردا بۆ نەڕەخساوە. بەشداربووان لە کۆتایی خولەکەدا بڕوانامەی تایبەت وەردەگرن، کە دەبێتە هۆی هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و فێربوون.

هاوبەشەکان