
خولی فێربوونی هونەری چنینی مەکرەمە لە پێنجوێن بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات
خولى گشتیى
٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥
|
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم
پێنجوێن - ٢ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٥
خولێکی تایبەت کە بۆ فێربوونی هونەری چنینی مەکرەمە کە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" ڕێکخرابوو، ئەمڕۆ بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.
وردەکاریەکانی خولەکە:
ئەم خولە بەسەرپەرشتی خاتوو کارین فەتاح وەک ڕاهێنەری سەرەکی، ڕۆژی یەکشەممە لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی لە هۆڵی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" کە لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی پێنجوێن، دەستی پێکرد.
خولەکە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، کە وانەکانی ڕۆژانە لە یەکشەممەوە تا پێنجشەممە لە کاتژمێری ٩:٠٠ تا ١٠:٣٠ی پێشنیوەڕۆ پێشکەش دەکران.
گرنگی و ئامانجی خولەکە
بەڕێوەبەرانی پڕۆگرامەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم خولە هەلێکی زێڕین بوو بۆ هەموو ئەوانەی دەیانویست فێری هونەری چنینی مەکرەمە ببن و بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش دەستڕەنگینی خۆیان بەرهەم بهێنن.
سوپاسگوزاری:
لە کۆتایی خولەکەدا، بەڕێوەبەرانی پڕۆگرامەکە سوپاسی بەڕێز کارین فەتاح ڕاهێنەری خولەکەیان کرد، کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەم پیشە دەستی و خۆژێنە فێری چەند خانمێکی فێرخواز کرد.
بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکە هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو بەشداربووان خواست و دووپاتی کردەوە کە ئەم جۆرە خولانە بەردەوام دەبن بۆ پەرەپێدانی کارامەیی و هونەری خەڵکی شار.
پێنجوێن شاری فێربوون پڕۆگرامێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە ، ئامانجی پشتیوانی کردن و گەشەپێدانی توانا و بەهرەکانی هاوڵاتیانە لە بوارە جیاوازەکاندا.