
دەستپێکردنی خولی بێ بەرامبەری هونەری وتاربێژی لە پێنجوێن
خولى گشتیى
پێنجوێن - ٣ی مانگی ئاب، ٢٠٢٥
ئەمڕۆ لە کتێبخانەی گشتی پێنجوێن، خولی تایبەتی هونەری وتاربێژی بە بەشداری ژمارەیەک لە مامۆستا، خوێندکار، کارمەند و خەڵکانی جیاوازی شارەکە دەستی پێکرد.
ئەم خولە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی کارامەیی لە قسەکردنی گشتی و زاڵبوون بەسەر ترس و شەرم دا ، لە ماوەی سێ ڕۆژدا (٣-٥ی ئابی ٢٠٢٥) بەڕێوەدەچێت. خولەکە لە ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەدا لە کاتژمێری ٢ بۆ ٥ی پاش نیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت.
ڕاهێنەری بەڕێز (محمد میرانی)، خاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتی و ڕاهێنەری پسپۆڕی ئەم بوارە، بەرپرسیاریەتی ئەم خولەی لە ئەستۆ گرتووە. میرانی کە خاوەنی بڕوانامەی TOT و سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ڕاهێنانە، هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی پەرۆش و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆبەندی ڕێکخراوەکانی کوردستانیشە.
ئەم خولە بە تایبەتی بۆ ئەم چینانەی هاوڵاتیان سوودبەخشە:
- مامۆستایان لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن
- خوێندکارانی زانکۆ
- کارمەندانی ڕاگەیاندن
- ڕاهێنەران لە بوارە جیاوازەکان
- کارمەندانی بازرگانی و ڕیکلام
- هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببن بە ووتاربێژێکی سەرکەوتوو
خولەکە کە لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی پێنجوێن بەڕێوەدەچێت، بە تەواوی بێ بەرامبەرە و لە کۆتاییدا بڕوانامە بە بەشداربووان دەبەخشرێت.
ئەم چالاکییە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی کارامەیی کەسایەتی و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دادەنرێت.